لە سلێمانی کاسبکارێک ماوەی ٢٦ ساڵە تەنھا کاری دوورین و فرۆشتنی پشتێن دەکات

لە ھەرێمی کوردستان ھاووڵاتییان لەگەڵ پۆشینی جلوبەرگی کوردی بەتایبەت لە بۆنەکاندا کە ژمارەیەکی زۆرتری پیاوان و ژنان جلوبەرگی کوردی دەپۆشن، گرنگی زۆر بە پشتین دەدەن و بەپێی ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستانیش شێوازی بەستنی پشتێن جیاوازی ھەیە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی بەھار و بۆنەکاندا بازاڕی جلوبەرگی کوردی و پشتێن گەرموگوڕی زیاتر بەخۆوە دەبینێت. لە سلێمانی بازاڕی تایبەت بە پشتێن ھەیە و بەشێک لە کاسبکاران تەنھا کاریان فرۆشتن و دوورینی قوماشی پشتێنە.

عوسمان کەریم ناسراو بە حاجی عوسمانی پشتێن ٣٨ ساڵە لەناو بازاڕێکی تایبەت بە پشتێن لە شاری سلێمانی کاری دوورین و فرۆشتنی پشتێن دەکات، ئەو رۆژانە لەگەڵ ئەندامانی تری خێزانەکەی سەرقاڵی دوورین و فرۆشتنی پشتێنە بەو کەسانەی سەردانی دەکەن و شارەزایی زۆری لە کارەکەیدا ھەیە.

عوسمان کەریم لە بارەی کارەکەیەوە وتی: “لە ساڵی ١٩٨١ەوە واتە پێش ٣٨ ساڵە دەستمکردووە بە کاری بازرگانیکردن بە قوماشەوە، بەڵام ماوەی ٢٦ ساڵە کارەکەم تایبەتکردووە بە پشتێنی کوردی و چەندین جۆر و رەنگی جیاوازمان لە پشتێن ھەیە”.

ئەووتی: “رۆژانە ژمارەیەکی زۆر ھاووڵاتی سەردانمان دەکەن بۆ کڕین و دوورینی پشتێن کە لە لای خۆمان ئەنجامی دەدەین، پشتێنی پیاوان چوار بۆ پێنج مەتر قوماشی پێویستە و بۆ منداڵ کەمترە”.

عوسمان کە شارەزایی زۆری لە کارەکەی پەیداکردووە و ئاشنایە بە جۆر و شێواز و ستایلی پشتێن و جلوبەرگی کوردی، ئاماژە بەوە دەکات زۆرجار کە کڕیار سەردانیان دەکات ھاوکاریان دەکەن لە دیاریکردنی ستایل و رەنگ و نەخشی پشتێنەکە بۆ ئەوەی لەگەڵ ستایلی جل و بەرگەکەیدا بگونجێت.