پیاوێک زیاتر لە ٦٠ ساڵە کاری دارتاشی دەکات

محەمەد ئەمین محەمەد ئەحمەدی دانیشتووی ناوچەی ھەورامانی تەختە لە سنووری پارێزگای سنە لە کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەو بە ھۆی دۆخی ئەو کاتەی ناوچەکە و دواکەوتنی دەرکردنی ناسنامەی باری شارستانی بۆی لەو کاتەدا بە دروستی تەمەنی خۆی نازانێت و وەک خۆی دەڵێت، تەمەنی لە سەروو ٧٢ ساڵەوەیە.

ئەو لە سەرەتای تەمەنییەوە لە باوکییەوە فێری پیشەی دارتاشی بووە و سەرەتا بەردەستی کردووە تا ئەو کاتەی شارەزایی لە کارەکەیدا وەرگرتووە و لە دوای مردنی باوکی درێژەی بە کارەکەی داوە.

ئەم پیاوە بە تەمەنەی ناوچەی ھەورامان لە ژوورێکی قوڕینی بچووکی دوو بە دوو مەتریدا لەژێر ماڵەکەی خۆی لە ھەورامانی تەخت زیاتر لە شەش دەیەیە بە چەند ئامێرێکی سادەی کۆن رۆژانە کاری دارتاشی و دروستکردنی چەند کەلوپەلێک دەکات.

محەمەد ئەمین وتی: “تەمەنم زیاتر لە ٧٢ ساڵە و زیاتر لە ٦٠ ساڵیشە کاری دارتاشی دەکەم کە سەرەتا لە باوکمەوە فێر بووم و بەردەستی ئەوم دەکرد ، لەو کاتەوە تا ئێستا بەردەوامی بەم کارە دەدەم”.

ئەو سەرەڕای ھەڵکشانی تەمەنی و ماندوێتی رۆژگار، بەڵام وەک خۆی دەڵێت بۆ بژێوی ژیان و زیندەگی ناچارە کار بکات و رۆژانە پێنج تا شەش کاتژمێر لەو شوێنە بچووکەدا کار دەکات لە دار و تەختە شانەی دار و کلکی پاچ و خاکەناز و چەند کەلوپەلێکی تر دروست دەکات.

سروشت و ھەڵکەوتەی جوگرافی ناوچەکە بە شێوەیەکە زۆربەى پیاوانی ئەو ناوچەیە تەندروستییەکی باشیان ھەیە و چەندین پیاوی بەتەمەن لەو ناوچەیەدا دەبینرێت کە ئێستاش بە گوڕەوە رۆژانە کار دەکەن و بەرزى و نزمى و رێگا سەختەکانی ئەو ناوچەیە دەبڕن.

محەمەد ئەمین کە ٧٢ ساڵ زیاتر تەمەنی کردووە، باس لەوە دەکات تا ئێستا ھیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبووە و سەردانی نەخۆشخانەی نەکردووە و تووشی ھیچ نەخۆشییەکی درێژخایەنی باوی ئەم رۆژگارەش نەبووە.