فەڕەنسا یەک ملیار دۆلار قەرز دەداتە عێراق


وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئاشکراى کرد، وڵاتەكەی بڕى یەک ملیار دۆلار وەك قەرز دەداتە عێراق کە بۆ ئاوەدانکردنەوەى عێراق تەرخان دەکرێت. 

جان ئێڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا،  لەپەراوێزى کۆبوونەوەى لەگەڵ محەمەد عەلی حەكیم وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، فەڕەنسا کار بۆ ئەوە دەکات پەیوەندییەکانى لەبوارى بازرگانى و ئابورى و سیاسیدا لەگەڵ عێراقدا بەهێزتر دەکات. ئاماژەى بەوەشکرد، وڵاتە بڕیاریداوە بڕی یەک ملیار دۆلار وەك قەرز بداتە عێراق لەپێناو ئاوەندانکردنەوەى ئەو وڵاتە. 

لۆدریان رونیکردەوە لە سەردانەكەی بۆ عێراق لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان کۆبوونەوەى بەرهەمدارى ئەنجامداوە. 

لەلایەکى دیکەشەوە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ستایشى فەڕەنسای كرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو قەرزانەی بەسەر عێراقەوە بوون لە یانەی پاریس و رونیکردەوە پاریس هاوکار دەبێت بۆ دووبارە بونیادنانەوەى عێراق لەدواى شەڕى دژى داعش. وەزیرى دەرەوەى فەڕەنسا ئاشکراشى کرد، بڕیارە لەماوەى داهاتوودا سەرۆکى فەڕەنسا سەردانى عێراق بکات و تیایدا لەبارەى پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانى عێراق بکات. 

کۆتایى مانگى رابردوو جان ئێڤ لۆردیان سەردانى عێراق و هەرێمى کوردستانى کردو لەگەڵ بەرپرسانى هەردوولا گفتوگۆى دۆخى سیاسى و پەیوەندییە ئابورییەکانى کرد.