بەڕێوەبەری گەشەی ئابوری کەرتی تایبەت لە ھۆڵندا گرنگی کەرتی تایبەت دەدەن لەکوردستان

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە ووڵاتی ھۆڵندا لەگەڵ بەڕێوەبەری گەشەی ئابوری کەرتی تایبەت لە ھۆڵندا کۆبونەوە و ڕایانگەیاند گرنگی بەکەرتی تایبەت دەدەن لە کوردستان.

شاندی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کە پێکھاتون لە ھەریەکە لە یاسین رەحیم فەرەج، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و بورھان علی عەبدووڵا،  ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور  و دابان نەجمەدین، ڕێکخەری پەیوەندیەکنی ژوور لە شاری ئـوترێخت لە وڵاتی ھۆڵەندا چاویان کەوت بە سابرینا واڵتمەنس بەڕێوەبەری گەشەی ئـابوری کەرتی تایبەت لە عێراق و کوردستان لەبارەگای بریکاری پرۆژەی ھۆڵەندا لە وەزارەتی ئـابوری کۆبونەوە. 

لەکۆبونەوەکەدا جێگری سەرۆکی ژوور ڕایگەیاند: زۆر سوپاسی حکومەتی ھۆڵەندا دەکەین لەھاوکارییەکانیان بۆ بەرەوپێشچون و بەھێزکردنی کەرتی تایبەت ژووری بازرگانی سلێمانی ھەوڵەکانی بۆ بەرەو پێشبردنی ڕەوشی بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵ بەردەوامە و ھاوکاری جوتیاران بووە بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری ئـەوکەرتە ئـەویش لە ڕێگەی  کۆکردنەوەی داتاو زانیاری لەسەر ڕەوشی کشتوکاڵ لە ھەرێمی کوردستان لەسەر ئـەرکی ژووری بازرگانی. 

ڕاشیگەیاند: کەرتی کشتوکاڵ وەک پایەیەکی سەرەکی لە بەرەوپێشبردنی ئـابوری ھەرێم و زیاتر بەھێزکردنی کەرتی تایبەت ئێمە پشتیوانی دەکەین.
 
لای خۆشیەوە سابرینا واڵتمەنس بەڕێوەبەری گەشەی ئـابوری کەرتی تایبەت لە عێراق و کوردستان لەووڵاتی ھۆڵندا لە کۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند:کاری سەرەکی ئێمە بەھێزکردنی کەرتی تایبەتەو دەیانەوێت کۆمپانیاکانی ناوخۆی کوردستان بەھێز بکەن بۆ ئـەوەی بەرھەمی ناوخۆیان لە ڕووی نرخ و کواڵێتی بتوانێت بەربەرەکانێی بازاڕ بکات لەگەڵ کاڵا دەرەکییەکان بەتایبەت لە ڕووی کشتوکاڵییەوە و پلانیان ھەیە ھاوکاری جوتیارانی کوردستان بکەن. 

ڕاشیگەیاند:ئێمە دەتوانن ھاوکاری جوتیاران بکەن لە ڕوانگەی زانیاری و تەکنەلۆجیاوە بۆ باشترکردن و زیاکردنی بەرھەمەکانیان و وە ھەروەھا لە کردنەوەی خولی ڕاھێنان دەبێتە بەشێکی تر لە پلانەکانیان لە ڕێگەی ناوەندەکانی تەکنەلۆجی و زانیارییانەوە. 

پاشان یاسین ڕەحیم جێگری سەرۆکی ژوور ھیوای خواست کە پلانەکانیان بەھەماھەنگی لەگەڵ ژووری بازرگانی بێت و سود لە سەنتەری زانیاری و گەشەپێدانی ژوور و پرۆژە کشتوکاڵیەکانی ژوور وەربگیرێت و ئەوانیش خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەم دەستپێشخەرییەی ژوور. 

ھەر لەکۆبونەوەکەدا بورھان علی،ئەندامی کارگێڕی ژوور باسی لەگرنگی کۆمپانیا ھۆڵەندییەکان کرد و ھیواخوازە ڕوبکەنە سلێمانی بەمەبەستی کارکردن و ھەماھەنگی کردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی سلێمانی. 

دابان نەجمەدین، ڕێکخەری پەیوەندیەکانی ژوور داوایکرد: لەڕێگەی پلانەکانیانەوە ژووری بازرگانی بتوانێت سوود بگەیەنێت بە گەنجانی بێکار کە بەشێک لە پلانی ئـەوان ھاوکاری کردنی گەنجانی خاوەن بەھرەیە بەمەبەستی دەستکردن بە بنیاتنانی بازرگانیەکەیان وەک بازرگانی بچوک و مام ناوەند. 

لەکۆتایدا سابرینا ھیوای خواست کە کۆمپانیا ھۆڵەندییەکان دووبارە بگەڕێنەوە عێراق کوردستان بۆ دەستکردنەوە بەبازرگانی کردن وە ھاوکاری ئـەو پرۆژانەئـەکەن کە بۆ بەرەوپێشبردنی بازرگانی بچوک و مام ناوەندەو ئـەوە بەشێکە لە پلانەکانیان.