هەواڵەکەی بەغداد خەندەی خستە سەر لێوی فەرمانبەر و کاسبکارانی کوردستان

دوای قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستانی عێراق و پاشەکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ ماوەی زیاتر لە ٥ ساڵ، پەرلەمانی عێراق لە بەرواری ٢٣ی کانوونی دووەم دەنگی دا لەسەر مسۆگەركردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی عێراق و یەکەکانی هێزی پێشمەرگە. 
 
لەوبارەیەوە فەرمان حەمەد عوسمان، هاووڵاتی  وتی، “دەستخۆشی لە حکوومەتی عێراقی دەکەین، ئەگەر بێتوو ئەو مووچانەمان بۆ بنێرێ بەڕاستی کاریگەریێکی زۆری لەسەر بازار دەبێت، بەتایبەتی چینی فەرمانبەر پارەیەکی وای بەدەستەوە نیە کە رۆژانە پێداویستیەکانی لە بازاڕ دەستەبەر بکات، مووچەیەکی وا وەردەگرێت بە پاشەکەوتەوە یانی کە دەڕوانینە فەرمانبەرەکە هەر بەشی بژێوێیە سەرەتاییەکانی دەکات و ناتوانێ بە دڵی خۆی ئەو شانەی کە دەیەوێت بکڕێت”.

فەرمان هیوای خواست سیستەمی پاشەکەوت کۆتایی پێبێت و وتی، “هیوادارین مووچەیەکی وا بێتە دەست فەرمانبەرەکانمان بتوانن بە زیادەوە بژێوی رۆژانەی خۆیان پێ دابین بکەن و حکوومەتی بەغداد-یش بەو مەرجە ئەو مووچەیەی رەوانەکردووە کە پاشەکەوت نەمێنێت”.

لەلایەکی دیکەوە هیدایەت شێخانی، خاوەن کارێکی نێو بازاڕ تیشکی خستە سەر گۆڕانکاری لە بازار و وتی، “بەڕاستی لەوە باشتر نیە کە حکوومەتی ناوەندی عێراق بڕیاری داوە مووچەی فەرمانبەران بنێرێ، دەتوانم بڵێم گۆرانکاریەکی زۆر بەسەر بازاڕدا هاتووە دوای ئەو بڕیارەی حکوومەتی عێراق بەڵام من ئەو بڕیارە بە سوودی تەواوی خەڵک دەبینم، چونکە ئەگەر مووچە بدڕیت گۆرانکاری تەواو بەسەر خەڵکدا دێت لە هەموو رووێکەوە هەموو خەڵک دەتوانێت چی بوێیت دەستەبەری بکات بۆ خۆی”.

مامۆستا بەختیار سمایل کە هاوکات خاوەن دووکانە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بە ئەرێنی وەسف دەکات و دەڵێت، “دەستخۆشی لە حکوومەتی عێراقی دەکەم، ئەگەر ئەو مووچانەمان بۆ بنێرێ، بەراستی کاریگەریەکی زۆری لەسەر بازار کردووە، بە تایبەتی چینی فەرمانبەر چونکە پارەیەکی وای بەدەستەوە نیە کە رۆژانە بێت لە بازار پێداویستیەکانی خۆی پێ جێبەجێ بکات، چونکە مووچەکەشی بە تەواوەوەتی وەرناگڕیت هەر بەشی بژێوییە سەرەتایەکانی دەکات تا ئەو شتانەی پێویستیەکی زۆر گرینگی پێ نەبێت ناتوانێت ئەو پارەییەی لەبەردەستیدایە بە کاریبێنێت و لە کۆتاییدا هیوادارم مووچەیەکی وا بکەوێتە دەست فەرمانبەرکانمان کە هەموو ئەو شتانەی کە پێویستییان پێیەتی دابینی بکەن”.
 
لەلایەکی دیکەوە پارێزەر ئیسماعیل گەردی تیشکی خستەسەر پەیوەندی مووچە و بژێوی خەڵک و وتی، “بێگومان مووچە و قوتی هاوڵاتیان لە پاڵ ئابووری پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە بژێوی خەڵکەوە هەیە، لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی کوردستان، دوای ئەو لێشاوەی کە خەڵک لە گوندەکانەوە ڕووی کردە شار بەشێکی زۆری دانیشتوان تەنانەت ئەوانەی لە گوندەکانیش دا دەژین زۆربەی زۆریان لە شارەکان
یاخود بە جۆرێک لە جۆرەکان بوونەتە فەرمانبەر، هاوکات سەرژمێریەکانی ئەو دوایەش سەلماندوویانە کە بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان فەرمانبەرن واتە مووچە خۆرن، باس لەوە دەکەین
حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە لەومەودوا مووچەی هاوڵاتیان رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات”.

ناوبراو وتیشی، “بێگومان ئەوە هەواڵێکی دڵخۆشکەرە و وا دەکات لە کۆمەڵێک قەیران و تەنگەژە دەربازمان بێت. واتە چەند ساڵێکە خەڵک تا ڕادەیەکی زۆر بێزار بووە لەم حاڵە، هەموومان دەبینین لە تەلەڤیزیۆنەکان کۆمەڵە خەڵکێک کە مووچە خۆرن جانتای پارەکانیان دەردەهێن کە پارەی چایەکیان پێ نییە،لە ئێستادا ناردنی ئەو مووچەیە بۆ هەرێم دلخۆشکەرە لە لەلایەکی دیکەوە دەبێتە هۆی بوژانەوەی بازاڕ چونکە فەرمانبەران یاخود مووچە خۆرەکان ئەو پارەیە بە بێ پاشەکەوت وەردەگرن وایان لێدێت ترسی ئەوەیان نەمێنێت کە تاوەکو مانگی داهاتوو بەشیان دەکات یاخود نا”.