نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كرد

دوای ئەو دابەزینە بەرچاوەی لە رۆژی یەكەمی ئەم هەفتەیەی بازاڕی بۆڕسە لە نرخی نەوت تۆمار كرا، نرخەكەی لە دوێنێ سێشەمەوە رووی لە بەرزبوونەوە كردووە.

رۆژی دووشەممه‌ لە یەكەم رۆژی بازاڕەكە نرخی نەوت لە 61 دۆلار و 41 سەنتەوە بۆ 59 دۆلار و 80 سەنت دابەزی كە نزمترین نرخی نەوت بوو لە دوو هەفتەی رابردوو تۆمار كرابێت.

لە دوێنێ سێشەمەوە نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و ئەو بەرزبوونەوەیەش تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە بەردەوامە. دوێنی نرخەكە تا 61 دۆلارو  20 سەنت هەڵكشا و ئەمڕۆكەش لە چەند سەعاتی رابردوودا سەرووی 20 سەنتی تر لە نرخەكەی بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 41 دۆلار و 42 سەنت و بەگشتی قەرەبووی دابەزینەكەی سەرەتای هەفتە كراوەتەوە.

بەگوێرەی dailyfx هاوكات نرخی نەوتی ئەمەریكیش كە بۆ 52 دۆلار دابەزیبوو، لە دوێنێوە هەڵكشاوە و ئێستە هەر بەرمیلێكی بە 53 دۆلار و 37 سەنت دەفرۆشرێت.

یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی هەڵكشانی نرخی نەوت بۆ ئەو سزایانە دەگەڕێتەوە كە لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمەریكا بەسەر ڤەنزویلای سەپاندووە و دابەزینی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە كاریگەریی بۆ سەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەبووە.

هەر جۆرە كەمبوونەوەیەك لە خستنەڕووی نەوت دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهاكەی. لە رابردووشدا گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەو سزایانە بووە كە ئەمەریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە هەر چەندە سزاكانی لە ترسی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە تەواوی جێبەجێ نەكردووە و هەندێك وڵاتی سەربەست كردووە لە كڕیی نەوتی ئێران بەردەوام بن.