كونسوڵی تورکیا سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد و داوای کاری بازرگانی زیاتر دەکات

بەمەبەستی بەھێزکردنی پەیوەندییە بازرگانیەکان و زیاتركردنی کاری بازرگانی لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی کونسوڵی تورکیا لەھەولێر سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ٢٠١٩/١/٢٨ پێشوازیکرد لە “ھاکان کارا جای” کونسوڵی گشتی تورکیا لەھەولێر.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند: له‌ سەردانەکەیدا کونسوڵی تورکیا لە ھەولێر پێی ڕاگەیاندین: پیرۆزبای لەشاری سلێمانی و بازرگانان دەکەم بەکردنەوەی گەشتی ئاسمانی نێوان ووڵاتی تورکیا و سلێمانی کە ئەمە دەبێتەوە دەستپێکی بەھێزکردنی کارە بازرگانی و ئابوریەکان لەنێوان ھەردوولادا.

ڕاشیگەیاند: کونسوڵی تورکیا ھەمولایەک دڵنیادەکاتەوە کە ھاتوچۆی ئاسمانی بەردەوامی دەبێت و ھیچ گرفتێک نەماوە لەڕاوەستانەوەی ئەو گەشتانەدا کەبازرگانان و ھاوڵاتیان دەتوانن بەئاسانتر گەشتەکانیان ئەنجام بدەن.

سەرۆکی ژوور ئاماژەی بەوەشدا: کونسوڵی تورکیا ڕاوێژکاری بەشی ئابوری لەگەڵدابوو کە پێی ڕاگەیاندین دەیانەوێت لە نزیکەوە پەیوەندیە بازرگانیەکان و کێشەو گرفتە بازرگانیەکانی سلێمانی تاوتوێ بکەن چونکە دەمانەوێت گرنگی کاری ھاوبەش لەنێوان ھەردولادا زیاد بکات و کارئاسانی تەواو دەکەین بۆ بازرگانان.

سیروان محەمەد، ئەوشی ڕونکردەوە لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا کە ھەموو کار ئاسانیەک بۆ پێدانی فیزا بکرێت بۆ ئەو بازرگانانەی ئەندامی ژووری بازرگانین لە سلێمانی و ھەڵگری پێناسی ژوورن لەڕێگەی نوسینگەی تایبەتی تورکیاوە لە شاری سلێمانی کارەکانایان بۆڕای دەکرێت.

سەرۆکی ژوور داوشیکرد، ووڵاتی تورکیا گرنگی بەھێنانی کارگەکانی ووڵاتەکەی بدات تا لێرە بەرھەم بێنن کە دەستی کارو بەرھەمی سەرەتای زۆرە لە کوردستاندا.

لای خۆشیەوە کونسوڵی تورکیا لە ھەولێر سوپاسی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد کەبەردەوام ھەوڵدەدەن پەیوەندییە بازرگانیەکان پتەو بکەن و کێشەکان چارەسەر بکەن وەک چۆن ھەمیشە خەمخۆربون و داوایانکردووە کە فڕۆکەخانەی تورکیا بەڕوی سلێمانی بکرێتەوە.