گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئوردن زیاد دەکرێن

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ئوردن یاداشتنامەیەکیان بە ئامانجی ھەماھەنگی بۆ کاری ھاوبەش و زیادکردنی ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ھەردوو وڵات واژووکرد.

بەپێی راگەیەندراوێک کە لە لایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەدراوە، یاداشتنامەکە لە نێوان بەڕێوەبەری گشتی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی، عەلی خەلیل ئیبراھیم و سەرۆکی جێبەجێکاری فڕۆکەوانی مەدەنی ئوردن، ھەیسەم مستۆ واژووکراوە.

لەوبارەیەوە عەلی خەلیل ئیبراھیم وتوویەتی: “چاومان لە ھاوکاری و ھەماھەنگی زیاترە تایبەت بە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئوردن”.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشداوە کە یاداشتنامەکە ئاڵوگۆڕی شارەزایی، سوودوەرگرتن لە تواناکان بۆ ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش تایبەت بە زیادکردنی ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکان، بواری ھونەری، سەلامەتی فڕۆکەوانی و فڕۆکەخانەکان لەگەڵ پابەندبوون بە یاسای فڕۆکەوانی مەدەنی لەخۆدەگرێت.

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق لە چوارچێوەی ئاراستەکانی حکوومەتی فیدرال بە بەردەوام ھەوڵ دەدات ھاوکارییەکانی لەبارەی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی وڵاتانی جیھان پتەوتر بکات.