شاندێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سەردانی کرمانشان دەکات

بەمەبەستی بەھێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان، شاندێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی  سەردانی کرمانشانی کرد.

ئەمرۆ ٢٠١٨/١٢/٢٢، شاندێکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی بەیاوەری ژمارەیەک خاوەنکارو بازرگانی سلێمانی بەسەرۆکایەتی  “یاسین رەحیم” جێگری سەرۆکی ژوور سەردانی کرماشانیان کردو لەلایەن ژووری بازرگانی  کرماشانەوە بە گەرمی پێشوازیان لێکرا.

یاسین رەحێم لەمبارەیەوە رایگەیاند «ئەمرۆ لەسەردانەکەماندا بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دوای ئەوەی گەیشتینە مەرزی پەروێزخان، سوپاس بۆ ژووری بازرگانی و پارێزگاری کرماشان کە لە پێشوازیماندا ئامادەبوون».

راشیگەیاند «لەرێگای ھاتنمان بۆ کرماشان سەردانی کارگەی کاژەمان کرد بۆ بەرھەمھێنانی کاشی لەئیسلام ئاباد، لەگەڵ بەرێوەبەرو کارمەندانی کارگەکە کۆبوینەوەو لەنزیکەوە بەجۆر و کوالێتی بەرھەمەکانیان ئاشنا بووین، ژمارەیەک بازرگانمان لەگەڵدایە کە لەم بوارەدا کار دەکەن ھیوادارین سوود لەم سەردانە وەربگرن و رێکەوتنی بازرگانی واژۆ بکەن».

کارگەی کاژە بۆ بەرھەمھێنانی کاشی یەکێکە لە گەورەترین کارگەکانی ئێران کە ٥٣٠ کەس کاری تیا دەکەن و جۆرو کوالێتی بەرھەمەکانیان خواستێکی زۆری لەسەرە.