وەزیری وزەی قەتەر: “لە رێکخراوی ئۆپێک دەکشێینەوە”

وەزیری وزەی قەتەر، سەعد کەعبی رایگەیاند کە وڵاتەکەی لە کانوونی دووەمی ٢٠١٩دا لە رێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) دەکشێتەوە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، سەعد کەعبی روونیکردەوە، دوای ئەو وردبینییەی کە وڵاتەکەی لە بارەی رۆڵی خۆی لە بازاڕەکانی وزەی جیھان، ھەروەھا ئەو ھەنگاوانەی کە بوونی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پتەوتر دەکات، ئەنجامیداوە، بڕیاری کشانەوەی لە رێکخراوی ھەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) کە لە ١٥ ئەندام پێکھاتووە، داوە.

قەتەر ماوەی ٥٧ ساڵە، ئەندامە لە رێکخراوی ھەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)، ھەرچەندە ئەو وڵاتە، ٦٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرھەم دەھێنێت، بەڵام بە گەورەترین ھەناردەکاری غازی سروشتی لە جیھان دادەنرێت.

وەزیری وزەی قەتەر باسی لەوەشکرد کە هۆکارەکانی بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە ئۆپێک هۆکاری ھونەری و ستراتیجین و ھیچ پەیوەندیان بە هۆکاری سیاسییەوە نییە.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧، ھەریەکە لە سعوودیە، ئیمارات و بەحرێن و میسر گەمارۆیان بەسەر قەتەردا سەپاندووە کە تا ئێستا بەردەوامە.