نرخی نەوت بەردەوامە لەدابەزین

نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە ٥٩ دۆلار و ١٩ سەنتەوە مامەڵەی پێوەکرا، هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکیش بە ٥٠ دۆلار و ٧٠ سەنتەوە مامەڵەی پێوەکرا.

ئەم نرخەی ئێستای نەوت بەراورد بە دوێنێ ٣٠ سەنت بۆ برێنت و ٤٥ سەنتیش بۆ نەوتی خاوی ئەمریکی  نزمبووەتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە رێکخراوی ئۆپیک و بەشێک لە وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوەکە، بڕیارە رۆژی ٦ی مانگی داهاتوو لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا کۆببنەوە تاوەکو بڕیار لە کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت بدەن.

رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە، نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی لەماوەی شەش مانگدا دابەزی و بەرمیلێک نەوتی برێنت بە ٥٩ دۆلار  مامەڵەی پێوەکرا.

هاوکات نەوتی خاوی ئەمریکیش بە هەمانشێوە دابەزی و بەرمیلێک بە ٥٠ دۆلار ٢٨ سەنت  مامەڵەی پێوەکرا.

رۆژی چوارشەممە (٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨)، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە ٨٦ دۆلار و ٧٤ سەنت کە ئەوەش بەرزترین ئاستی بوو لە ساڵی ٢٠١٤وە.