بانكی ناوەندیی عێراق: نابێ بەهیچ شێوەیەك دۆلار بە گەشتیارانی عێراقی بفرۆشێت كە سەردانی ئێران ده‌كەن

گوێرەی بەڵگەنامەیەك كە بانكی ناوەندی عێراقی دەریكردووە و ئاراستەی بانك و نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو كراوە كە نابێ بەهیچ شێوەیەك دۆلار بە گەشتیارانی عێراقی بفرۆشن كە بەنیازن سەردانی ئێران بكەن.

لە ناوەڕۆكی بەڵگەنامەكەی بانكی ناوەندی عێراقی، ئاماژە بە نووسراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق كراوە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئەیلوول/ سێپتێمبەری رابردوو، تێیدا بڕیار دراوە كە لەمەولا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان عێراق و ئێران بە دراوی دۆلار نابێت ئەنجام بدرێت.

هاوكات بانكی ناوەندی داوا لەو گەشتیارە عێراقییانە دەكات كە بەنیازن سەردانی ئێران بكەن، دەستبەرداری دۆلار ببن و دۆلارەكانیان بگۆڕن بۆ دراوی تر.

ئەو بڕیارەی بانكی ناوەندی كە لە میدیا عێراقییەكان ئەمڕۆ پێنجشەم 29ی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر بڵاو كراوەتەوە، دوای ئەوە دێت كە سەرەتای ئەم مانگە گەڕی دووەمی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران خرایە جێبەجێكردنەوە، كە یەكێك لە بڕگەكانی نابێت دراوی دۆلار لە مامەڵە بازرگانییەكان لەگەڵ ئێران بەكار بهێنرێت، هاوكات نابێت نەوت و كەرەستەكانی لە نەوتەوە بەرهەم دەهێنرێن وەك بەنزین و گاز، لە تاران بێتە كڕین یان بۆیان رەوان بكرێت.