سێ ملیار بۆ هاندانی كشتوكاڵ و جووتیاران خەرج دەكرێ

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، نزیكەی سێ‌ ملیار دینار بۆ وەزاتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دابین دەكرێت بەمەبەستی هاندانی جووتیاران.

ئەمڕۆ دووشەم 29ـی تشرینی یەكەم، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردۆتەوە، رێژەی (2%) پارەی بنەتۆی ساڵی 2018 بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دابین كرا.

وەزارەتی بازرگانی ئاشكرای كردووە، بەپێی ئاماژەی نووسراوی بەرێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی/بەرێوەبەرایەتی بازرگانی ناوخۆ ژمارە 7739 كە لە رێكەوتی 26/9/2018 دەرچووە، سەبارەت بە رێژەی (2%) پارەی بنەتۆی ساڵی (2018) كە لە سایلۆكانی هەرێمی كوردستان لە جووتیاران وەرگیراوە.

ئاشكرا كراوە كۆی گشتی پارەكە لە هەر سێ پارێزگای هەرێمی كوردستان بریتیە لە دوو ملیار و 691 ملیۆن دینار و 365 هەزار و 352 دینارە كە پشكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو/بەرێوەبەرایەتی گشتی توێژینەوەیە، بەگوێرەی ئەو نووسراوە ئەو بڕە پارەیە دەدرێتە وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ پاڵپشتی بنەتۆ.

لە هەرێمی كوردستان گرنگی زیاتر ئێستە بە وباری كشتوكاڵ دەدرێت بەمەبەستی پەرەپێدان و زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی.