كونسوڵخانەی ئەمەریكا لەهەولێر لەسەر گرین كارد هۆشداری دەدات

كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر رایدەگەیەنێت: ژماریەكی زۆر خەڵك ئیمێڵیان پێدەگات و مژدە یاخود گەرەنتی وەرگرتنی ڤیزەی هەمەجۆریان پێدەدرێت، ئەو ئێمێڵ و نامانە ساختەن.

كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر لە ئاگاداری نامەیەكدا كە ئاڕاستەی هاوڵاتیانی هەرێمی كردوە، ڕایگەیاند:” ژماریەكی زۆر خەڵك ئیمێڵیان پێدەگات و مژدە یاخود گەرەنتی وەرگرتنی ڤیزەی هەمەجۆریان پێدەدرێت كە بە ڤیزەی گرین كارد (مافی مانەوەی هەتاهەتایی لە ئەمریكا) ناسراوە، ئەو ساختەكارانەی لە پشت ناردنی ئەم ئیمێڵ و نامانەوەن خۆیان وەكو كەسانی سەر بە ‌حكومەتی ئەمریكا دەناسێنن”.

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد:” ئامانجی ئەو كەسانە ئەوەیە پارە لەو كەسانە بكێشنەوە كە داواكاریان بۆ ڤیزەی هەمەجۆر پێشكەشكردووە”.

كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر ئەوەشی خستەڕوو: پێویستە هاوڵاتیان ئاگادار بن كە وەزارەتی دەرەوە بە هیچ شێوەیەك لە ڕێگەی ئیمێڵ، نامە یاخود پەیوەندی تەلەفۆنیەوە ئەو كەسانە ئاگادار ناكاتەوە كە ناویان بۆ ڤیزەكە دەردەچێت.

سەبارەت بە چۆنیەتی ئاگاداركردنەوەی هاوڵاتیان، كونسوڵخانەی ئەمەریكا ڕایگەیاند: دوای ئەوەی ئەنجامەكان بەردەست دەبن، كەسەكە خۆی لە وێبسایتی فەرمی پڕۆگرامەكە ناو و ژمارە تایبەتیەكەی داخڵ دەكات بۆ ئەوەی بزانێت ناوی دەرچووە یاخود نا، لە ئێستادا ناونووسین بۆ پڕۆگرامەكە بەردەستە و تا ٦ مانگی ١١ كاتژمێر ٨:٠٠ ئێوارە بە كاتی هەولێر ناوتۆماركردن دەمێنێت.

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئاگاداری بڵاوكراوەی وەزارەتی دەرەوە كە تایبەتە بەم پڕۆگرامە، ئەم لینكە بكەرەوە.