ئەردۆغان: مامەڵەکردن بە دۆلار ”بارگرانییە“ بەسەر جیهانەوە


سەرۆک کۆماری تورکیا رێگایەکی نوێ بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دراوی وڵاتەکەی بەکار دەهێنێت و داوای کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی دەکات.

رۆژی یەکشەممە 2/9/2018، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارێکدا لە کۆنگرەی خاوەنکارانی تورکیا- قڕگیزیا لە شاری بیشکەکی پایتەختی قڕگیزستان، رایگەیاند، پێویستە مامەڵە نێودەوڵەتییەکان چیتر بە دۆلاری ئەمریکی نەکرێن، بەڵکو بە دراوی وڵاتەکان بکرێن.

رەجەب تەییب ئەردۆغان هەروەها رایگەیاندووە، مامەڵەکردن بە دۆلار ”بارگرانییە” بەسەر جیهان و رۆژ بەڕۆژیش بارگرانییەکەی زیاتر دەبێت.

ئەو لێدوانەی سەرۆک کۆماری تورکیا لەکاتێک دایە، کە هەفتەی رابردوو کەمال کلیچدارئۆغڵی سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا رایگەیاند، ئەردۆغان هەموو گرێبەستە بازرگانییە گەورەکانی وڵاتەکەی بە دۆلار ئەنجام داوە.

ئیوارەی رۆژی هەینی 31/8/2018 (لە کاتی داخستنی بۆرسەی دراو لە دوا رۆژی هەفتەدا، کە تا سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە لەم بەهایە جێگیر دەبێت)، بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 655 لیرە بوو، لە کاتێکدا، لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو، 600 – 620 لیرە بوو.

دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەهۆی دروستبوونی کێشەیە لەنێوان ئەمریکا و تورکیا، کە زۆرتر بەهۆی قەشەیەکی ئەمریکییەوەیە.

کێشەکان زۆرتر بەهۆی دەستبەسەرکردنی قەشە ئەندرۆ برانسۆن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دروست بوون، کە حکوومەتی تورکیا بە سیخوڕیکردن بەسەر تورکیا و هاوکاریکردنی فەتحوڵڵا گیولەن، رێبەری بزووتنەوەی خزمەت، تۆمەتباری دەکات.

پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی ناکۆکییەکانییەوە لەگەڵ تورکیا، بڕیاری لادانی بەخشینی تورکیای لە رسووماتە گومرگییەکان دابوو، بەمەش زیانێکی گەورەی دارایی بە کەلوپەلی هەناردەی تورکیا بۆ ئەمریکا دەگات، کە زیانەکە دەگاتە نزیکەی یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.

قەشە ئەندرۆ برانسۆن، کە قەشەیەکی ئەمریکییە و لە تورکیا دەژی، نزیکەی دوو ساڵە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ئیزمیر لە تورکیا، دەستبەسەر کراوە.

حکوومەتی تورکیا فەتحوڵڵا گیولەن بە پیلاندانان بۆ کودەتا شکستخواردووەکەی بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای تورکیا لە تەمموزی 2016 تۆمەتبار دەکات و داوا لە ئەمریکا دەکات بینێرێتەوە تورکیا، کە ئێستا لە ویلایەتی پەنسلڤانیا دادەنیشێت.