كۆمپانیای دیلۆیت داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم ئاشکرا دەکات


كۆمپانیای جیهانی دیلۆیت بۆ وردبینی و ڕاوێژكاری ڕاپۆرتێکی لەبارەی هەناردە و نرخی نەوتی هەرێمەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، حکومەتی هەرێم لەماوەی شەش مانگی دووەمی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٩١ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە و داهاتەکەشی نزیکەی چوار ملیار دۆلار بووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە کە لە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم بڵاوکراوەتەوە، ئامارەکە بۆ ماوەی نێوان ١ی تەموزی ٢٠١٧ تا ٣١ی کانونی یەکەمی هەمان ساڵە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لەو ماوەیەدا، بڕی نەوتی خاوى هەناردەکراو بە تانکەر لە کێڵگەكانی هەرێمی کوردستانەوە، چوار ملیۆن و ٩١٣ هەزار و ٩١٠ بەرمیل بووە.

هەروەها بڕی نەوتی خاوی گواستراوە بۆ پاڵاوگەکانی نەوت بۆ ئەوەی پوختە بکرێت بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، یەک ملیۆن و ٤٥٧ هەزار و ٩٦٥ بەرمیل بووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراو لەڕێگەی بۆری و تانکەر و فرۆشی ناوخۆ، سێ ملیار و ٨٥٣ ملیۆن و ٧٧٧ هەزار و ٨٥٧ دۆلاری ئەمریکی بووە.

دەشڵێت، تێکڕای نرخی یەك بەرمیل نەوتی فرۆشراو لەڕێگەی بۆرییەوە، ٤٤.٥٨٤ دۆلار بووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، کۆی بەهای نەوتی خاوی فرۆشراو لەڕێگەی تانکەرەوە، ٢٠٥ ملیۆن و ١٨٥ هەزار و ٤٥١ دۆلار بووە، تێکڕای نرخی یەک بەرمیلیش ٣٩.٨٨٣ دۆلار بووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، سافى داهاتی وەرگیراو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەى فرۆشتنى نەوتدا بڕی یەک ملیار و ٨١٥ ملیۆن و ٤١٠ هەزار و ٦٦٩ دۆلار بووە.

هاوکات حکومەتی هەرێم دەڵێت، لەم ڕاپۆرتە وردبینییەی شەش مانگی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ بە بەراورد لەگەڵ ڕاپۆرتی بڵاوكراوەی شەش مانگی یەكەمی هەمان ساڵ بە پشتبەستن بە زانیاریی بەدەستهاتوو لە خاوەن بەرژەوەندییەكان و لەدوای پشتڕاستكردنەوەیان، ژمارە و زانیاری نوێ خراوەتەڕوو.

کۆمپانیای دیلۆیت لەلایەن ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گازەوە دەستنیشانکراوە بۆ ئەنجامی وردبینی و وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دیلۆیت ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ هەناردەکردن و بەکاربردنی نەوت – هیچ بەیانێکی نادروستیان بەدینەکرد لە زانیارییەکانی هەناردەکردن

و بەکاربردنی نەوت لە ماوەی نێوان ١ى تەمموزى ٢٠١٧ تا ٣١ ى كانونى یەکەمی ٢٠١٧.

هەروەها دەشڵێت ” بۆ فرۆشتنی نەوت – هیچ بەیانێکی نادروستمان بەدینەکرد لە زانیارییەکانی فرۆشتنی نەوت و کۆی بڕی پارەی وەرگیراوی مانگانە لەو ماوەیەدا.”