نرخی نەوت بەرزترین ئاستی لە ماوەی سێ‌ ساڵ‌و نیوی ڕابردوودا تۆماركرد ‌

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەرزترین ئاستی لەماوەی سێ‌ ساڵ‌و نیوی ڕابردوودا تۆماركرد ‌و لەئێستاشدا بەرمیلێك نەوت لەسەرووی 79 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەكرێت.

بەگوێرەی پێگەی ئەلكترۆنی بلۆمبێرگ، ئەمڕۆ نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت دۆلارێك‌و 41 سەنت بەرزبۆتەوە‌و لەئێستاشدا بە 79 دۆلار‌و 26 سەنت مامەڵەی پێوە دەكرێت، هەروەها نرخی یەك بەرمیل نەوتی تێكساس 77 سەنت زیادیكردووە‌و گەیشتۆتە 74 دۆلار‌و 22 سەنت.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش بۆ بەرزترین ئاستی لەماوەی 3 ساڵ‌و نیوی ڕابردوودا، دوای ئەوە دێت كە بەرپرسانی ئەمریكا لەچەند رۆژی ڕابردوودا داوایان لە وڵاتانی جیهان كرد تاوەكو مانگی یانزە هاوردەكردنی نەوتی ئێران ڕابگرن، هەروەها ئیدارەی ئەمریكا هەڕەشەی ئەوەشیكردوە كە لەمانگی یانزەوە هەر وڵاتێك نەوت لە ئێران بكرێت ئەوا تووشی سزا دەبێتەوە.

بەبڕوای پسپۆڕانی ئابووریش، ئەگەر ئەمریكا گەمارۆكانی بەسەر ئێراندا بسەپێنێتەوە، ئەوا هیچ وڵاتێك ناتوانێت بە ئاشكرا نەوتی ئێران بكڕێت، بەمەش بڕی خراوەڕووی نەوت لە بازاڕەكاندا كەمدەبێتەوە‌و نرخەكەی بەرزتر دەبێتەوە، بۆیە ئەمریكا فشاری خستۆتەسەر سعودیە‌و وڵاتانی تری بەرهەمهێن، بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بكەن.