بانكی ناوەندی عیراق یاداشتنامەیەك لەگەڵ كۆمپانیای جیهانی ماستەر كارد ئیمزا دەکات

بانكی ناوەندی عیراق بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزاری پێدانی ئەلكترۆنی یاداشتێكی لێكگەیشتن لەگەڵ كۆمپانیای ماستەر كارد ئیمزا دەكات.

بانكی ناوەندی عیراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردوە: لە پەراوێزی لوتكەی بانكە عەرەبی‌و نێودەوڵەتییەكان لە پاریس، عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراق یاداشتنامەیەكی لێكگەیشتنی لەگەڵ كۆمپانیای جیهانی ماستەر كارد ئیمزاكردوە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: ئەو یاداشتنامەیە دەبێتەهۆی گەشەپێدانی خزمەتگوزاری پێدان‌و ڕاكێشانی پارە بەشێوەیەكی ئەلكترۆنی لە بانكەكان، هەروەها یاداشتنامەكە گواستنەوەی شارەزاییەكان‌و سودوەرگرتن لەو داهێنانە نوێیانەی لە سیستمی بانكی جیهانیدا هەن لەخۆدەگرێت.

یاداشتنامەكەش بەئامادەبوونی باڵێوزی عیراق لە پاریس‌و بەرپرسانی بانكە عیراقی‌و بیانییەكان ئیمزاكراوە‌و تیایدا هاتووە: كۆمپانیای ماستەر كارد هاوكاری پێشكەش بە بانكەكانی عیراق بكات، بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریەكانیان بكەن بە ئەلكترۆنی.