‘سەرەتای مانگی داهاتوو سەعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاتر دەكرێت”

بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی دابەشكردنی كارەبای هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، سەرەتای مانگی داهاتوو خشتەی نوێی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان بڵاو دەكرێتەوە و هەوڵ هەیە كە سەعاتەكانی پێدانی كارەبا زیاتر بكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 27ی حوزەیران، ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی دابەشكردنی كارەبای هەرێمی كوردستان  ڕاگەیاندوە، سەرەتای هەموو مانگێك خشتەی نوێی پێدانی كارەبای نیشتمانی ڕادەگەیەنرێت و گفتوگۆ لە نێوان ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی كارەبا هەیە كە سەعاتەكانی پێدانی كارەبا زیاتر بكرێ. 

وتیشی، ئێستە ڕۆژنە زیاتر لە 12 سەعات كارەبا دەدرێتە هاووڵاتییان و كۆتای ئەم مانگەیش بەرنامەی نوێی پێدانی سەعاتەكانی كارەبا بۆ مانگی داهاتوو بە هاووڵاتییان دیاری دەكرێت .

بەرپرسەكەی وەزارەتی كارەبا ڕوونی كردەوە كە وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئێستە خاوەنی دوو هەزار و 700 میگەوات كارەبایە، بەڵام بەهۆی هاتنی وەرزی گەرما خواستی هاووڵاتییان لەسەر كارەبا زیاتر دەبێت، بۆیە ئەگەر حكوومەت هاوكاری بێت دەتوانین پێدانی كارەبا زیاتر بكەین.