بەغدا دەیەوێت دەسەڵاتی سنووری نێوان عێراق و توركیایە لەژێر دەستی هەرێم دەربهێنێت


عێراق و توركیا لەسەر كردنەوەی مەرزی پیشخاپوور ڕێك دەكەون و كردنەوەی مەرزەکەش بۆ دەرهێنانی دەسەڵاتی سنووری نێوان عێراق و توركیایە لەژێر دەستی هەرێم، بە كردنەوەی مەرزەكەش زیانی ئابووریی گەورە بەر هەرێم دەکەوێت.

ناوچەی پیشخاپوور دەكەوێتە سنووری سێگۆشەی نێوان توركیا و عێراق و سوریاوە، كۆتایی ساڵی ڕابردوو هێزە عێراقییەكان مەبەستیان بوو دەست بەسەر ئەو ناوچەیەدا بگرن بە ئامانجی كردنەوەی ڕێگەی ڕاستەوخۆ لە نێوان عێراق و توركیادا، لە ئێستاشدا عێراق سوورە لەسەر وەرگرتنی دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە بۆ كردنەوەی مەرزێكی نێودەوڵەتی و لەگەڵ تورکیاش لەسەر ئەو پرسە ڕێک کەوتوووە، ئەوەش بووەتە یەكێك لە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق،  ڕاگەیاند، کردنەوەی ئەو مەرزەی پیشخاپوور بڕیاری لێ دراوە و عێراق و تورکیا لە سوودی خۆیان ئەو کارە دەکەن.

وتیشی: «بەغدا مەبەستیەتی تەواوی سنوورەکان و مەرزەکان لە ژێر دەستی هەرێم دەربهێنێت و بۆ ئەو مەبەستەش سەرقاڵی مەرزی نوێیە بەتایبەت لەنێوان عێراق-ئێران و عێراق-تورکیا.»

له‌دوای كردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌رزه‌ ته‌واوی ئه‌و شمه‌ك و كاڵایانه‌ی له ‌توركیاوه‌ دێن، ڕاسته‌وخۆ له‌ ڕێگای ئه‌و مه‌رزه‌وه‌ ده‌برێنه‌ پارێزگای موسڵ، كه‌ پێشتر به ‌هه‌رێمدا ده‌برانه‌ ناوه‌ڕاست و خواروی عێراق و گومرگ دەکران.

شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی كوردستان وتی: «ڕێککەوتنێکی كۆن هەیە لە نێوان توركیا و عێراقدا بۆ درووستكردنی خاڵێكی سنووریی جیاواز لە ئیبراهیچ خەلیل، چونكە عێراق نایەوێت لە ڕێگەی هەرێمەوە پەیوەندیی حدودی لەگەڵ توركیادا هەبێت.»

وتیشی: «پیشخاپوور ناوچەیەکی حەساسە، سنووری سوریا و توركیا و عێراقە، ڕەهەندی سیاسی و ئیداری و ئابووری و یاسایشی تێدایە، بۆیە تەئیسیری زۆری ئابووری لەسەر هەرێم هەیە و داهاتی ئیبراهیم خەلیل بۆ نیوە كەم دەكات.»


لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێم لە مانگی ٩ی ساڵی ڕابرد‌وودا، حکومەتی عێراق هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی دەروازە سنوورییەکانی دا کە پێشتر بە دەست هەرێمەوە بوون.

«توركیا دەیەوێت ڕاستەوخۆ دەستی بگاتە ئەو پارێزگایانەی عێراق كە پێویستیان بە ئاوەدانكردنەوەیە بە تایبەتی پارێزگای موسڵ، نایەوێت پێویستیی بە هەرێمی كوردستان بێت بۆ گەیشتنی بە پارێزگاكانی عێراق.» شێركۆ جەودەت وای وت.

داهاتی ساڵانەی مەرزی ئیبراهیم خەلیل لە نێوان 250 ملیار دینار بۆ 350 ملیار دینارە، تەنها مەرزە كە عێراق و هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانیەوە بە توركیاوە دەبەستێتەوە.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم وتی: «تا ئێسات بە ڕەسمی ئاگاداری كردنەوەی مەرزی پیشخاپوور نین، لە حاڵەتی كردنەوەیشیدا هیچ تەئسیرێكی ئابوری لە سەر هەرێم نابێت، هیچ خاڵێكی تر بەقەد ئیبراهیم خەلیل لە ڕووی ئاسایشەوە پارێزراو نییە.»

وتیشی: «ناوچەی پیشخاپوور لە ژێر كۆنتڕۆڵی هەرێمدایە، هیچ شوێنێكی تێدا نییە عێراق و توركیا ببەستێەوە بە یەكەوە، هەوڵێك هەبوو بۆ كردنەوەی ئەو مەرزە بەڵام هیچ پێشكەوتنێكی بە خۆیەوە نەبینیوە».

ئاژانس