مۆندیال نرخی میوەی كوردستانی بەرز كردووەتەوە


لەم رۆژانە مۆندیال لە رووسیا بەڕێوە دەچێت و ئەوەش هۆكارە لەوەی بە دەیان هەزار گەشتیار و هاندەری تۆپی پێ روو لەو وڵاتە بكەن. رووسیا بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی بازاڕ بە تایبەتی هەندێك لە جۆرە باشەكانی میوە پشت بە هاوردە دەبەستێت و بەشێك لەو میوانەش لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە هەناردە دەكرێن.

بەگوێرەی میدیاكانی ئێران نرخی میوە لە پارێزگای ورمێ بە رێژەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە و یەكێك لەو هۆكارانەش بۆ بەڕێوەچوونی مۆندیال دەگەڕێتەوە.

میدیاكان وەك یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان ئاماژە بە مۆندیال دەكەن و نایشارنەوە لە ناوخۆی ئێرانیش كۆمەڵێك هۆكار هەن كە وایانكردووە نرخی میوە بەرز ببێتەوە.

قاسم عیزەتی سەرۆكی سەندیكای میوە و تەڕەباری ورمێ بۆ “ئیرنا” ئاماژەی بەوە كرد كە یەكێك لە هۆكارەكان بۆ دابەزینی نرخی تمەن بەرانبەر بە دۆلار دەگەڕێتەوە .

ئەو باس لە هۆكارێكی تر دەكات كە بریتییە لە لەناوچوونی بەشێكی بەرچاو لە بەرهەمی میوەی ئێران بە هۆی سەرمای سەرەتای بەهاری ئەمساڵ كە وایكرد میوە لە بازاڕ كەم بكات و لەو كاتەشدا نرخی میوە بەرز دەبێتەوە.

گرانترین جۆری میوە لە پارێزگای ورمێ گێلاسە و كیلۆی لە نیوان 12 تا 18 هەزار تمەن ساغ دەكرێتەوە  و بەراورد بە ساڵی رابردوو سێ هێندە گرانتر بووە. ئەو بڕە پارەیە بە دینار دەكاتە سێ هەزار دینار.

كیلۆی خۆخ بە چوار هەزار تمەن، قەیسی بە حەوت هەزار تمەن و شووتیش بە هەزار تمەن دەفرۆشرێت. میوەی ورمێ هەناردەی هەریەك لە وڵاتانی توركیا، رووسیا، عێراق، ئەفغانستان، ئەرمنیا و وڵاتانی كەنداو دەكرێت.