قائیمقامییەتی سلێمانی: بەهیچ جۆرێك مامەڵە لەگەڵ دەرمانی قاچاخ ناكەین و بەكاریناهێنین

قائیمقامییەتی سلێمانی لیژنەیەكی هاوبەشی بۆ چاودێریكردنی كوالێتی و نرخی دەرمان پێكهێنا و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: مامەڵە لەگەڵ دەرمانی قاچاخ بە هیچ شێوەیەك ناكەین.

ئەمڕۆ پێنج شەممە حەوتی حوزەیرانی 2018، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەشی بۆ چاودێریكردنی كوالێتی و نرخی دەرمان ڕاگەیاندو لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: هیوادارین هەموو لایەك هاوكار بن بۆ سەرخستنی ئیش و كارەكانی ئەم لیژنەیە، چونكە خزمەتێكی گەورە بە لایەنی تەندروستی و بەرژەوەندی گشتی دەگەیەنێت.

هەر لەو كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەدا سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئەوەی خستەڕوو: ئامانجی لیژنەكە كۆنترۆڵكردنی كوالێتی و نرخی دەرمانە و دەیانەوێت ڕێنمایی و یاساكانی وەزارەتی تەندروستی جێبەجێ بكەن.

سەبارەت بە دەرمانی قاچاخ لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا، سەباح نەسرەدین ووتی: وەك بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بەهیچ جۆرێك مامەڵە لەگەڵ دەرمانی قاچاخ ناكەین و بە هیچ شێوەیەك بەكاریناهێنین و لیژنەكانیشمان لە هەر دەرمانخانە و نۆرینگەیەك هەر دەرمانێكی لەو جۆرە بدۆزنەوە دەستی بەسەردا دەگرن.