سەرۆکی ژوور: پەیوەندیە بازرگانیەکان لەگەڵ ئەمریکا بەھێز دەکەین

 سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەھێزدەکەین و کۆنفرانسێکی ئابوری ئەنجام دەدەین.

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە ووڵاتی ئەمریکاوە ڕایگەیاند” لەگەڵ نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەیان سامی عبدلرەحمان کۆبوینەوە بۆ قسەکردن لەسەر بەھێزکردنی پەیوەندیە ئابوری و بازرگانیەکان لەنێوان ھەرێم و ئەمریکا”.

ڕاشیگەیاند” لەئێستادا لەھەوڵداین بۆ ئەنجامدانی گەشتێکی بازرگانی گەورە لەھەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەمریکا بەتایبەت بۆ کۆمپانیا گەورەکان کە لە بوارە جیاوازەکاندا کاردەکەن تالەو ڕێگەیەوە پەیوەندی دروستبکەین بۆ بەھێزکردنی کارە بازرگانی و ئابوریەکان لەنێوان بازرگانان و سەرمایەدارانی ھەردولا”.

ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە ئەمریکا سەرقاڵی ڕێکخستنی گەشتێکی گەورەی بازرگانانی ئەمریکاین بۆ ھەرێمی کوردستان کە کۆنفرانسێکی ئابوری گەورە ڕێکبخرێت و ئاشنایانبکەین بە ھەرێمی کوردستان بتوانن دڵنیاببنەوە لە ئارامی و ئاسایشی کوردستان بۆھاندانیان تا کارەکانیان لەکوردستان ئەنجام بدەن.

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەمەبەستی بەشداری کردن لە پێشانگای ساڵانەی ئەمریکا و بەشداریکردن لە چەن کۆنفرانسێکی ئابوری و بازرگانی لەو ووڵاتەیە.