وشکەساڵی بووەتە کێشەیەکی گەورە لە باشووری عێراق


وشکەساڵی بووەتە کێشەیەکی گەورە لە باشووری عێراق و بە دەیان رووبار و چەم وشکبوون و دانیشتووانی باشووری عێراقیش ناچارن بۆ دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵ بیری ئاو هەڵبکۆڵن و لە پارێزگای دیوانیەش دەیان گوند چۆڵبکرێن. 

ئەبو عەلی دانیشتوویەکی گوندی سەید دەخیلە لە نزیک ناسرییە لە باشووری عێراق، بە وریاییەوە سەرقاڵی كار پێکردنی موەلیدەکەیە بۆ ئەوەی بتوانێت ئاو لە بیرێکەوە بگوازێتەوە بۆ کێڵگەکەی کە خەریکە وشکدەبێت.

پێشتر ئەبوعەلی و کەسانی دیکەی گوند پێیویستیان بە بەکارهێنانی ئاوی بیر نەبوو، بەڵام ئێستا وشکەساڵی خەریکە رووباری نزیک گوندەکەیان وشک دەکات، هەر بۆیە ئەوان ناچاربوون بیری ئاو هەڵبکۆڵین.

کەسانی دیکە لە گوند ناچار بوون دوو ملیۆن دینار بدەن تا بیرێکی ئاو لێبدەن، ئەوان کێشەی کەمی ئاو بە گەورەترین کێشەی خۆیان ناو دەبەن.

جگە لەوەش ئەبو عەلی بۆ ئاوی خواردنەوە شەش تانکەری داناوە کە هەفتانە بۆ ئەوەی پڕبکرێنەوە لە ئاو 20 هەزار دینار دەدات. 

ئەمانە واینەکردووە ئەبوعەلی بیر لە چۆڵکردنی گوندەکەی بکاتەوە، بەڵام وشکەساڵی پێشتر لە 20 گوندی ئەم ناوچەیە بووەتە هۆکاری ئەوەی کە دەیان خێزان، گوندەکە چۆڵ بکەن.

بەپێی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بەهۆی وشکەساڵییەوە، قەبارەی ئاوی سێ بەنداوی سەرەکی و 20 بەنداوی بچووکتر لە عێراق کەمتر دەبێتەوە و هاووڵاتییان رووبەڕووی مەترسی جیدی وشکەساڵی بوونەتەوە.