150 كۆمپانیای ئێرانی دێنە هەرێمی كوردستان

 بڕیارە لەم هەفتەیە وەزیری بازرگانی ئێران و 150 كۆمپانیای بواری بازرگانی لە ئێران ڕوو بكەنە شاری هەولێر بەمەبەستی بەشداریكردنیان لە كۆنگرەی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان.
 
 كاروان سوورچی وتەبێژی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندوه‌، ڕۆژی دووی ئایار كە دەكاتە ڕۆژی چوارشەم، وەزیری بازرگانیی ئێران بە بەشداریی 150 كۆمپانیای ئەو وڵاتە بەشداری دەكات لە گۆنگرەی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان.

وتەبێژی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی دەڵێت، لە كۆنگرەكە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەمینداری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەشدار دەبن و بەدووبەش كۆنگرەكە بەڕێوە دەچێت.

سوورچی ئاشكرای كرد بەشداریكردنی ئەو ژمارە كۆمپانیایە كاریگەرییەكی باشی دەبێت لەسەر پێشوەچوونی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران لە داهاتوو و ئەو ئاستەی ئێستە هەیە بەرز دەبێتەوە.

هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران چوار دەروازەی فەرمی و پێنج دەروازەی نافەرمی بازرگانییان لە نێوان هەیە، ساڵانە نزیكەی دوو بۆ سێ‌ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەنجام دەدەن.