پارە گەیشتە كوردستان و سبەی دابەش دەكرێت

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2017 گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان و سبەی دابەش دەكرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 29ی نیسان/ ئەپریل، نەوزاد ئەدهەم بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ڕاگەیاند، پارەی گەنمی جووتیاران گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان و سبەی بەسەر جووتیاراندا بەپێی چەكی بانكی دابەش دەكرێت.

زیاتر وتی، هەر جووتیارێك زیاتر لە 11 ملیۆن دینار وەردەگرێت و سبەی دەتوانن بۆ وەرگرتنی ئەو پارەیە سەردانی بانكی قەڵا لە هەولێر بكەن.

بەرپرسەكەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێم دووپاتی كردەوە، كە دابەشكردنی ئەو پارەیە لە ماوەی دوو ڕۆژدا دەبێت و لەو ماوەیەدا جووتیار دەتوانن ئەو پارەیە وەربگرن. ئەوەیشی خستەڕوو كە بۆ پارەی گەنمی جووتیاران هیچ پارەیەك لای حكوومەتی عێراق نامێنێت تایبەت بە ساڵی 2017.

ئەوە لەكاتێكدایە كە حكوومەتی عێراق هێشتا پارەی گەنمی جووتیارانی ساڵانی پێش 2017ی دابەش نەكردووە، ئەوە سەرباری ئەوەی كە ئەو پارەی بۆ جووتیارانی كوردستانی دەنێرێت بەنرخێكی كەمتر گەنمەكانیان لێ‌ وەرگیراوە بە بەراورد بە ناوچەكانی تری عێراق.