نووسینگەی عەبادی هۆكاری درێژكردنەوەی قەدەغەكردنی گەشتە نێودەوڵەتییەكانی كوردستان ئاشكرادەكات

نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق روونیدەكاتەوە كە بەڕێوەبردنی لایەنی ئەمنی فڕۆكەخانەكانی هەولێرو سلێمانی، هۆكاری درێژكردنەوەی ماوەی قەدەغەكردنی گەشتە نێودەوڵەتییەكانن بۆ هەردوو فڕۆكە خانەكە.

سەعد حەدیسی وتەبێژی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداوە رایگەیاند كە لەبارەی چاودێرییکردنی دەستەی دەروازە سنوورییەکان بەسەر بەڕێوەبردنی گومرگی هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی پێشكەوتنی بەرچاو بەدەستهاتوون.

 وتیشی، ئەوەی ماوەتەوە بەڕێوەبردنی لایەنی ئەمنی هەردوو فڕۆکەخانەکەیە، دیدار و کۆبوونەوەکانیش بەردەوامن بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە.

حەدیسی، جەختیشیكردەوە كە بەیەکلاکردنەوەی پرسی بەڕێوەبردنی لایەنی ئەمنی فڕۆكەخانەكان، حکومەتی فیدراڵی کۆتایی بە هەڵپەساردنی گەشتە نێودەوڵەتییەكان دەهێنێت.

راشیگەیاند دانانی کات بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتەكان رێوشوێنێکی رۆتینییە، لەگەڵ لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی تەواو، هەڵپەساردنی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی کۆتاییاندێت.

جێی ئاماژەیە ئەمڕۆ حكومەتی عێراق بڕیاریدا كە راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی بۆ ماوەی 3 مانگی دیكە درێژبكاتەوە.