نزیکەی ٧ ملیۆن پیشەی نافەرمی لە ئێراندا بوونی هەیە

 
عەلی ڕەبیعی وەزیری کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە لە بەرانبەر هەر ٢ پیشەی فەرمی‌دا، پیشەیەکی نافەرمی لە ئێراندا بوونی هەیە.
هەواڵدەریی مێهر لە زاری ڕەبیعییەوە بڵاوی کردەوە؛ لە کۆی ٢٢ ملیۆن پیشە لە ئێران، نزیک بە ٧ ملیۆن پیشەی نافەرمی لەوانە دەسگێڕی بوونی هەیە کە یەکێکە لە ئاسەوارەکانی داتەپینی ئابووری لە ئێراندا.
ناوبراو دەڵێ: هەرچەندە هەژاری لە وڵاتدا زیاد بکات، داهاتەکان کەم دەکات و هەر بەو ڕێژەیەش پیشە درۆیین و نافەرمییەکان پەرە دەستێنن، هەربۆیە دەبینین کە ڕێژەی هەژاری لە شارەکانی ئێران ٥ قات زیادی کردووە.
ئەم قسانەی ڕەبیعی لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە ڕۆژانە لە شارەکانی کوردستان و پارێزگا هەژارەکانی ئێران کە دەرەتانی کار کردن تێیاندا بوونی نییە و خەڵک ناچارن ڕوو لە پیشەگەلی درۆیین بکەن.