كارەبای سلێمانی: هەرخاوەن مۆلیدەیەك كاربەمۆلیدەكەی نەكات مۆڵەتەكەی هەڵدوەشێنرێتەوە

بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی ئاگاداری خاوەن مۆلیدەكانی ناوشاری سلێمانی دەكاتەوە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ كار بەمۆلدەكانیان بكەن، راشیدەگەیەنێت بەپێچەوانەوە گرێبەستی مۆڵەتەكانیان هەڵدوەشێنرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی لەراگەیەنراوێكدا بڵاوی كردۆتەوە” داوا لەخاوەن مۆلیدە ئەهلیەكان دەكات گوێڕایەڵی دەزگا پەیوەندیدارە حكومیەكان بن و نەچنە ژێر كاریگەری هیچ دەستەو گروپێك و بەشێوەی ئاسایی خۆیان كاربكەن و مۆلیدەكانیان ئیش پێبكەن.”

هەروەها دڵنیاشیان دەكاتەوە كە هەموو مافێكیان پارێزراو دەبێت و بەرێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەكات و دەڵێت: مۆڵەتی كاركردنی مۆلیدەی ئەهلی، بەخاوەن مۆلیدەكە دراوە، و لەلایەن شارەوانیەوە شوێنی بۆ دابینكراوە، هەروەها لە ئاو و كارەباو و تەنانەت بە باج بەخشراون.

هەروەها لە راگەیانراوەكەدا هەرەشەی وەرگرتنەوەی مۆڵەت لە خاوەن مۆلیدەكان كراوە ئەگەر هاتوو ئەم ئێوارە خەڵك بێ كارەبا بكەن و خزمەتی گشتی پەكبخەن، بەپێچەوانەوە بەپێی بڕگەكانی 18-23ی ئەو گرێبەستەی واژۆیان كردوە، مەودای كارنەكردنیان دەگاتە ئەو ئاستەی كە مۆڵەتەكانیان هەڵوەشێتەوە و مۆڵەتەكانیان لێوەردەگیرێتەوەو لەداهاتوشدا مۆڵەتی دانانی مۆلیدەیان پێنادرێت.