سلێمانی: مۆلیدەئەھلیەکان بەبڕیاری حکومەتی خۆجێی ڕازی بون

دوای ئەوەی مۆلیدە ئەھلیەکانی شاری سلێمانی بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر مانیان گرت و کارەبایان نەدا بە ھاوڵاتیان، دواجار بەبێ جێ بەجێکردنی داواکاریەکانیان دەستیانکردەوە بەکارکردن.

ڕۆژی دووشەممە سەندیکای مۆلیدەئەھلیەکانی شاری سلێمانی ڕایانگەیاند بەھۆی جێ بەجێنەکردنی داواکاریەکانمان لەلایەن حکومەتی خۆجێی و گرانبونی نرخی گاز کارپێکردنی مۆلیدەی گەڕەکەکانیان ڕاوەستان.

پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی و قائیمقامی سلێمانی لەڕۆژی دووشەمەدا کۆبونەوەی خۆیان ئەنجامدا و ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی مۆلیدە ئەھلیەکان دەبێت بەھەمان سیستمی کارپێکردنی مانگەکانی پێشوتر کاربکەن و ھیچ گرفتێک نیە لە بەردەمیاندا کە زەرەرمەندبن بۆیە حکومەتی خۆجێی سلێمانی نەچووە ژێرباری جێبەجێکردنی ھیچ داوایەکی سەندیکای مۆلیدە ئەھلیەکان بەھۆی خراپی ڕەوشی ئابوری و دارای ھاوڵاتیان ، لەم کاتەدا زیادکردنی ھەرنرخێک لەسەر ھاوڵاتیان غەدرێکەو لە خەڵک دەکرێت.

ڕۆژی سێ شەممە ٢/٦ بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی لەئاگاداری نامەیەکدا کەئاڕاستەی مۆلیدەئەھلیەکانی سلێمانی کرد ڕایگەیاندبوو ھەر مۆلیدەیەک کارەبا نەدات بە ھاوڵاتیان ئەوا مۆڵەتەکەی لێوەردەگیرێتەوە و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ھەربۆیە لەدوانیوەڕۆی سێ شەممەوە کارەبای مۆلیدە درایەوە بەھاوڵاتیان.