بڕیارێک لەبارەی مەرزە لاوەکیەکان دەرکرا


لەدوای داخستنی مەرزە لاوەکیەکان بەبڕیاری حکومەتی عێراق، لەئێستادا بڕیارێکی کاتی بۆ تەواوی مەرزە لاوەکیەکان دەرکرا.

سیروان محەمەد, سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند” تەواوی مەرزە لاوەکیەکان لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بەبڕیاری حکومەتی عێراقی داخران و کارکردن تیایدا وەستا ، ئەمەش نیگەرانی لای کاسبکاران و بازرگانان دروستکردووە”.

ڕاشیگەیاند” پارێزگاری سلێمانی پەیوەندی پێوەکردم و ئاگاداری کردمەوە لەئێستادا بەبڕیارێک بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر تەواوی مەرزەکان دەکرێتەوە و کارکردن تیایدا ئاسایی دەبێتەوە”.

ئاماژەی بەوەشدا لەئێستاوە ھەوڵ دەدرێت بۆ دروستکردنی لیژنەیەکی فراوان بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکردن لەسەر بەردەوامبونی کارکردنی ئەو مەرزە لاوەکیانە.

بەشێک لەو مەرزانەی دەکەونە سنوری پارێزگای سلێمانی لە مەرزی سەرتەک و تەوێڵە و شوشمێ و سەیران بەن و کێلێ و گۆغڵان و بەمۆ و شابەدین و ھەڵاڵاوا پێک دێت کە ئەم جۆرە مەرزانە بەزۆری باری کارەبای پیا دەڕوات و کۆڵبەر ھاتوچۆی لەسەر دەکات.