بیل گیتس وەبەرهێنان لە ئاژەڵداری و كشتوكاڵدا دەكات

بیل گیتس خاوەنی كۆمپانیای مایكرۆسۆف، وەبەرهێنانی لە بوارێكدا كردووە ئەگەر سەركەوتوو بێت، ئەوا بەهۆیەوە بەرهەمی شیری مانگا چوار هێندەی جاران زیاد دەكات.

 زانایان خەریكی لێكۆڵینەوەی ژێنێتیكین لەسەر جۆرێك مانگا كە چوار هێندەی مانگای ئەوروپی شیر بدات و لە هەمان كاتدا لە بەرانبەر كەشی گەرمدا خۆڕاگر بێت. بیل گیتس بۆ ئەو ئامانجەی ٤٠ ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی كردووە و كۆمپانیای GALVIMED پڕۆژەكە جێبەجێ دەكات.

هێشتا دیار نییە بە هۆی ئەم كارە ئایا مانگایەكی لەم شێوەیە لە داهاتوودا دەزێت یان نا. بیل گیتس بۆیە ئەو كارە دەكات، چونكە پێی وایە ئاژەڵەكان دەتوانن رۆڵێكی زۆر كاریگەر ببینن لە نەهێشتنی هەژاری و برسێتی لە دنیادا.

هێشتا دیار نییە ئەو پڕۆژەیە تا چەندە سەركەوتوو دەبێ، بەڵام زانایان كاری بۆ دەكەن و پێشتریش بۆ هەندێك جۆر مانگای تر سەركەوتنیان بەدەست هێناوە.

وەبەرهێنانەكەی گیتس تەنیا بۆ مانگا نییە، بەڵكو كار بۆ ئەوە دەكات بەرهەمی كشتوكاڵی باشتر بەرهەم بهێنرێت لەسەر ئەو نەخۆشییانەیش كار دەكات كە زیانێكی زۆریان بۆ كەرتی كشتوكاڵ لە ئەفریقا هەیە.