شەڕ و ئاژاوە و ڕەشبگیری و گەندەڵی متمانەی كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی بە توركیا لاواز كردووە

دیاردەی ڕۆیشتنی كۆمپانیا و وەبەرهێنەران لە توركیا لە كاتی تێكدانی پاركەكەی شاری ئیستەنبۆڵ لە 2014 دەستی پێ كردووە، دواتریش تەقینەوە و ئابڕووچوونەكانی گەندەڵی مانگی دیسێمبەری هەمان ساڵ لەلایەن كەسانی نزیك لە ئەردۆغان و شەڕ و ئاژاوە و نائارامییەكان و ڕەشبگیری و تێكدانی دۆخی ئاسایی توركیا بۆ دۆخێكی نائاسایی متمانەی كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی بە توركیا لاواز كردووە و ناچارن ڕوو لە وڵاتانی تر بكەن.

ڕۆژنامەی “العرب”ی لەندەنی بڵاوی كردووەتەوە و نووسیویەتی، داتا و زانیارییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، وەبەرهێنەر و كۆمپانیاكانی بیانی و ماكە جیهانییەكان بە لێشاو توركیا بەجێ دەهێڵن و تا ئێستەیش 66 ماركەی جیهانی توركیایان جێ هێشتووە، بەهۆی نیگەرانی زۆریان لە پاشەكشەی ئەو وڵاتە لە سەروەری یاسا و كۆكردنەوەی دەسەڵات لە دەستی ئەردۆغان و بەڕێوەبردنی دامەزراوە ئابوورییەكان و كۆنترۆڵكردنی دادگا و گەمارۆدانی میدیا و داخستنی ئینتەرنێت و دەستبردن بۆ ئازادییە گشتییەكان.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەكان، قەبارەی وەبەرهێنان لە 2017 لە دوای 2004ەوە گەیشتووەتە نزمترین ئاست، چاودێرانیش دووپات لەوە دەكەنەوە، توركیا بە خێرایی بەرەو كارەساتێكی گەورەی ئابووری هەنگاو دەنێ، بەهۆی ئەجێندا سیاسییەكانی كە ئەردۆغان گرتوویەتییە بەر و وەبەرهێنەر و كۆمپانیاكان ناچار دەكات لە توركیا دوور بكەونەوە.

داتاكانی بانكی ناوەندی توركیا ئاماژە بەوە دەكەن، بەگشتی ڕێژەی وەبەرهێنان لە توركیا سێ هێندە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2016 دابەزیوە و بڕەكەی گەیشتووەتە 1.8 ملیار دۆلاری ئەمەریكی، زۆربەی ئەو كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانەیش كە توركیایان بەجێ هێشتووە بە لیست ناویان بڵاو كراوەتەوە كە لە بوارەكانی وزە و دارایی و دراو و بازرگانی و پیشەسازی جل و فڕۆكەوانی كاریان كردووە، وڵاتەكەیان جێ هێشتووە.

شرۆڤەكاران هێما بۆ ئەوە دەكەن، هۆكاری سەرەكی و كاریگەر لەسەر ڕۆیشتنی وەبەرهێنەران و كۆمپانیاكان لە توركیا، بۆ سیاسەتی دەرەوەی توركیا دەگەڕێتەوە، كە بە تەواوی جیاوازی قووڵی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا دروست كردووە، كە زۆرینەی وەبەرهێنەرانی بیانیش لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە بوون، بۆیە ئەوان دوای تێكچوونی پێوەندی وڵاتەكانیان وردە وردە لە توركیا دەكشێنەوە، بە تایبەت لە دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو پێوەندییەكانی توركیا لەگەڵ ئەڵمانیا و ئەمەریكا گەیشتە خاڵێكی مەترسیدار و نزیك بووەوە لە پچڕاندنی تەواوەتی پێَوەندییەكان.

بەوهۆیەوە لە ساڵی ڕابردوو 14 وڵات وەبەرهێنەرانیان لە توركیا كشاندووەتەوە، بەهۆی مەترسی داتەپینی ئابووریی وڵاتەكە، جیا لەوەیش هەناردەی توركیا بۆ زۆرێك لە وڵاتانی عەرەبی وەستێنراوە، بەهۆی سیاسەتەكانی ئەردۆغان لە پشتیوانی كردنی كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆیی وڵاتانی عەرەبی.

ئاژانسی “فیتش”ی ئەڵمانی بڵاوی كردووەتەوە، كە 66 ماركەی بەناوبانگی دنیا لە توركیا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو كشاونەتەوە و لە ناویاندا كۆمپانیای تۆتاڵی فڕەنسی و ئۆ ئێم ڤی نەمساوی و كۆمەڵێك كۆمپانیای تری وزە كە خاوەندارییان بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا دەگەڕێتەوە، وڵاتەكەیان بەجێ هێشتووە.

جیا لەوانە لقی بانك و كۆمپانیاكانی دڵنیایی وەك گرووپی ئێچ ئێس بی سی و رۆیال بانك ئۆف سكۆتلەندا، یوئێس بی، زۆرێك لە كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبێل و تەكنەلۆجیا ڕۆیشتوون، لە بواری بازرگانی و جلوبەرگیش ماركەی “زارا، ئێچ ئەند ئێم، مانگۆس، سی ئەند ئای، زۆرێك لە زنجیرە خواردەمەنییەكانی “كارلۆغۆ”ی ئیتاڵیایش كشاونەتەوە.

سوسان دوشرتی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری هۆتێلی “كانیۆن رانش”ی ئەمەریكی گوتی، بە داخێكی زۆرەوە كشانەوەمان لە توركیا ڕادەگەیەنین، توركیا بناخەی سروشتی مەزنی كاركردنی تێدایە، توركەكان شایستەی ئەوە نین وڵاتەكەیان بەو دۆخە بگەیەنرێت.

داتەپینی وەبەرهێنان و ڕۆیشتنی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی دنیا لە توركیا لە كاتێكدایە، ئابووری توركیا دوای هاتنە سەر حوكمی پارتی داد و گەشەپێدان بەردەوام ڕوو لە گەشانەوە بوو و ئابووری توركیا بەهێزبوونی گەورەی لە ماوەی ڕابردوو بەخۆیەوە بینی، بەڵام هەمووان دووپات لەوە دەكەنەوە، خەونە سوڵتانییەكانی ئەردۆغان وڵاتەكە بەرەو كارەساتێكی گەورە دەبات.

بەگوێرەی داتاكانی بانكی ناوەندی توركیا، بەریتانیا لە 2016 بایی 974 ملیۆن دۆلار و رووسیا 723 ملیۆن، قەتەر 420 ملیۆن و ئەڵمانیا 440 ملیۆن و ئەمەریكا 338 ملیۆن، سویسرا و لۆكسەمبۆرگ بایی 674 ملیۆن، ژاپۆن بایی 454 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانیان لە توركیا كردووە، بەڵام لە 2017 بەریتانیا تەنیا بایی 161 ملیۆن و ڕووسیا بایی دوو ملیۆن، قەتەر 94 ملیۆن و سویسرا و لۆكسەمبۆرگ بایی 143 ملیۆن، ئەڵمانیا 235 ملیۆن و ئەمەریكا 134 ملیۆن و ژاپۆن بایی 271 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانیان لە وڵاتەكە كردووە، بەمەیش ڕێژەی وەبەرهێنان سێ هێندە كەمی كردووە و ئابووری توركیا ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕوو لە خراپبوون دەكات.