سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەکات

د.محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی به‌مه‌به‌ستی پدانی سپاسنامه‌ و ڕێزلێنان سه‌ردانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی كرد.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و نەوزاد غەفور، جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێری ژوور، پێشوازیان کرد لە د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی.

لە کۆبونەوەیەکدا، د.محەمەد سابیر سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند “سپاس و پێزانی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی دەگەیەنینە سەرجەم ئەندامانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەبەرامبەر ئەو ھاوکاری و ھەماھەنگیەی ھەیانە لەگەڵ دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، بە مەبەستی پێشخستنی کەرتەکانی بازرگانی و پیشەسازی و ھونەری و کلتوری و کشتوکاڵی و گەشتوگوزاری لە پارێزگای سلێمانی”.

ڕاشیگەیاند “ھیوادارین بازرگانانی شاری سلێمانی پرۆژ و کاری ناوازە لەسەرجەم سێکتەرەکاندا ئەنجام بدەن بەمەبەستی پێشخستنی زیاتری پارێزگای سلێمانی و بوژاندنەوەی ئابوری پارێزگاکە و ڕەخساندنی ھەلی کار بۆ گەنجەکانمان، ھیوای سەرکەوتن و سەرفرازی بۆ ئەندامانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەخوازین کە ھەمیشە لە کاتی لێقەومان و کارەساتەکاندا جێدەستیان دیار بووە و پێشەنگ بوون لە گەیاندنی ھاوکاریەکان”.

لای خۆشیەوە سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند “زۆر خۆشحاڵین بە سەدانکردنی بەڕێزتان و پێدانی سپاسنامە و ڕێزلێنان بە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە لایەن دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانیەوە، ئەمە دەبێتە ھاندەرێکی گەورە بۆ بازرگانان و پیشەسازان تاکو بتوانن کاری گەورە و پرۆژەی زیاتر ئەنجام بدەن لە شاری سلێمانی، ھەروەھا پشتیوانی خۆی پیشاندا بۆ ھەموو ھاوکاریەک لەسەرجەم بوارەکانی بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵی و گەشتوگوار لە پارێزگای سلێمانیدا.

ئاماژەی بەوەشدا، ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە چالاکترین ژوور ھەڵبژێردراوە لەسەر ئاستی سەرەجەم پارێزگاکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆیە ھەر بەمشێوازە بەردەوام دەبین و بەو پەڕی تواناوە ھەوڵ دەدەین لە ئاست ئەو متمانەیەدا بین، سەرۆکی ژووری ڕاشیگەیاند: بەوپەڕی تواناوە ھەماھەنگی دەکەین لەگەڵ سەرجەم ڕێکخراو و دامەزراوەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی.