ئەندامێکی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور: ئەگەر حکومەت چاکسازی ڕاستەقینە نەکات ڕەوشی ئابوری بەرەو خراپتر دەڕوات


عوسمان فەتاح محێدین، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات کە ئەگەر حکومەت دامودەزگاکانی کارانەکاتەوە ئەوا رەوشی ئابوری بەرەو خراپتر دەڕوات، ئەو دەڵێت “پێویستە حکومەت لەم کاتەدا ھاوکاری پرۆژەی بچوک بکات”.

عوسمان فەتاح بەسایتی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی راگەیاند ئەگەر حکومەت دامودەزگاکانی کارانەکاتەوەو چاکسازی ڕاستەقینە‌و ریشەیی نەکات ئەوا ڕەوشی ئابوری ھەروا بەخراپی دەمێنێتەوەو بەرەو خراپتریش دەڕوات، ئەو وتی “حکومەت پێویستە لەم کاتەدا ھانی بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ بدات‌و نرخی گومرگ لەسەر ھەموو ئەو کاڵاو میوەو مادانە بەرزبکاتەوە کە دێنە کوردستانەوەو جوتیارانی خۆمان بەرھەمی دەھێنن، بۆئەوەی جوتیاران ھانبدات کەرتی کشتوکاڵی بەرەو پێشتر بەرن”.

وتیشی “دەبێت کەرتی پیشەسازی فەرامۆش نەکرێت، لەئێستادا سلێمانی ڤێژەی ٣٠%ی پیشەسازی هەموو عێراق لەخۆدەگرێت، چەندین کارگەی چیمەنتۆو ئاسنی گەورەی تێدایە کە پێداویستی ناوخۆیی بەزیادەوە بەرھەم دەھێنن، بۆ مانەوەو بەردەوامبون لەکارکردن پێویستیان بەھاوکاریکردنی حکومەتە، هەر لەبازاڕکردنەوە بۆیان تا دەگات بەزیادکردنی گومرگ تا بتوانن کێبڕکێ بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت کوالێتی مادەکان بەرزبێت”.

ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئەوەشی رونکردەوە کە ، پێویستە حکومەت کارەبا بۆ کارگەکان دابینبکات، بەهەمانشێوەی حکومەتی ناوەندی عێراق کە نرخی کارەبای لەسەر کارگەکان ھەرزان کردووە، بەڵام بەپێچەوانەوە لەکوردستان نرخی کارەبا گران بووە، عوسمان فەتاح وتی “لەڕابردودا نرخی کارەبا یەکەی ٢٥ دینار بوو زیادکرا بۆ ٦٠ دینارو دواتر بوو بە ١٢٠ دینارو ئێستا یەکەی بووە بە ١٣٠ دینار، ئەمەش لەزیانی کارگەکانە کە ناتوانن رکەبەری بەرھەمەکانی دەرەوەی پێبکەن و ھاوڵاتیانیش نرخ لەسەریان زۆر دەبێت، لەکاتێکدا لەوڵاتانی دراوسێ‌و ئەوروپا نرخی یەکەی کارەبا بۆ کارگە بەرھەمھێنەکانی ناوخۆ زۆر کەمە”.

ناوبراو جەغتی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە حکومەت لەم کاتەدا ھاوکاری پرۆژەی بچوک بکات، ئەو وتی “لە ساڵانی ڕابردودا داوامان کردووە کە حکومەت ھاوکاری کارگەکانی کوردستان بکات لەڕێگەی پێدانی پارەوە بۆ نۆژەن کردنەوەیان‌، چونکە بازاڕی کوردستان پێویستی بەڕیکخستنەوە ھەیەو دەبێت لەناو بازاڕەکاندا رێژەی بەرھەمە ناوخۆیەکان زۆربن‌و بپارێزرێن”.

وتیشی “بۆ ئەوەی حکومەت لەڕووی ئابورییەوە بکەوێتە سەرپێی خۆی پێویستە گرنگی بدات بەکەرتی تایبەت، لەبەرئەوەی کەرتی تایبەت سود بەوڵات‌و حکومەت دەگەیەنێت‌و پێشیاندەخات ، لەکاتێکدا ساڵانە زیاتر لە ٣٧ ھەزار خوێندکار لەزانکۆو پەیمانگاکان دەردەچن، ئەگەر کەرتی تایبەت ھاوکاری بکرێت بەشی زۆری دەرچوەکان دەچنە سەرکار”.

عوسمان فەتاح داوا دەکات پێشینە بۆ پرۆژەی بچوک دابینبکرێت‌و پێشیوایە مەرج نیە حکومەت پارەکە بدات، بەڵکو دەکرێت لەڕێگەی بانکەکانەوە بدرێت، بەمەرجێک ئەوکەسەی پێشینەکە وەردەگرێت حکومەت پشتگیری بکات‌و پێویستە زیادەی وەرگرتنەوەشی زۆر نەبێت‌و درێژخایەن بێت.