شارەوانی سلێمانی 2هەزار گەنج دەخاتە سەركار

سەرۆكی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند لە ساڵی نوێدا 2 هەزار گەنج دەخەینەسەركار بۆ خزمەتكردنی باخچە و پاركەكانی شار و وتیشی:” ئەمساڵ 22 پرۆژەی بچووك جێبەجێكراون و 11 پرۆژەی دیكەش لە جێبەجێكردندان”.

یوسف یاسین، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ 30/12/ ئاماری كار و چالاكییەكانی شارەوانی لە ساڵی 2017 دا خستەڕوو، تێیدا  وتی: “بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو چەندین پڕۆژەیان ئەنجامداوە، 498 ملیۆن دینار وەك بوودجەی ئاسایی شارەوانی خەرجكراوە و 22 پڕۆژەی بچووكی پێ ئەنجامدراوە، ھەروەھا لەسەر بودجەی فرۆشتنی زەویش 11 پڕۆژە خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە بە بودجەی دوو ملیار و 636 ملیۆن دینار. ئاشكراشیكرد  لەسەر پشكی 20%ی داهاتیش  10 ملیار و 500 ملیۆن دینار بەر شارەوانی كەوتووە و چەند پڕۆژەیەكی تر لەسەر ئەو بودجەیەش  جێبەجێكراون.

ئەوەشی وت: “بۆ ساڵی داھاتوو (2018 )پڕۆژەیەكی گرنگ جێبەجێدەكرێت ، كە پاركی بۆنەكانە لە بناری چیای گۆیژە  و  زیاتر لە 100 ھەزار كەس لەخۆ دەگرێت و سەرجەم بۆنە حزبی و حكومیەكان دەبرێتە ئەو پاركە”.

سەرۆكی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی  پلانێكی ساڵی داهاتووش كرد  كەلە ناوەڕاستی 2018 دا دەبێت ئەویش بۆ كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری لە سلێمانی، لە بودجەی فرۆشتنی زەوی (1000-2000) گەنج بەشێوەیەكی كاتی دەخەنە سەر كار بۆ خزمەتكردنی باخچە و پاركەكان.

یوسف یاسین، ئاماژەی بەوەشدا: كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكی شاری سلێمانی لەلایەن چوار كۆمپانیاوە یە ، كە 370 هەزار تۆن خۆڵ و خاشاك لە ناو شارەكەدا كۆكراوەتەوە، بە تێچووی 17 ملیار دینار و 500 ملیۆن دینار.