گومرگ لەسەر هاوردەکردنی ئاژەڵ هەڵگیرا

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گومرگی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لە بارەی هەڵگرتنی باج و رسومات لەسەر هاوردەکردنی ئاژەڵ ئەمڕۆ جێبەجێکرا. “ئەمەش دوای ئەوە دێت نرخی گۆشتی سوور زۆر بەرزبووەتەوە، بۆیە وەزیری کشتوکاڵ ئەو پێشنیازەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نارد.”

دوێنی چوارشەممە 13ی نیسان، ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پێشنیاری بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ، بڕیاری دا بە ھەڵگرتنی باج و رسومات لەسەر ھاوردەکردنی ئاژەڵ بە مەبەستی دابینکردنی گۆشتی سوور، بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا، ئەمەش دوای بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستاندا.

پێشنیازەکەی وەزیری کشتوکاڵ بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە نرخی شتومەک لە مانگی رەمەزاندا زۆر بەرزبووەتەوە. “بۆیە بریارەکە لە ئەمرۆوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.