شاندی بازرگانی هەرێمی کوردستان سەردانی کارگەی بەرهەم هێنانی زێڕ دەکەن.

رێکەوتی 2026/7/17 نەوزاد غەفور رەباتی،سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ، محەمەد حاجی رەسوڵ سەفرەی جێگری سەرۆک، لەگەڵ شاندی بازرگانی هەرێمی کوردستان، لە درێژەی گەشتی بازرگانی خۆیان بۆ ئۆزبەکستان، سەردانی کارگەی زێڕی FONONیان کرد؛ کارگەیەک کە بە یەکێک لە گەورەترین و پێشکەوتووترین کارگەکانی بەرهەمهێنانی زێڕ لە ناوەڕاستی ئاسیا ناسراوە.
نەوزاد غەفور رەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ڕایگەیاند، لە ماوەی سەردانەکەماندا ئەندامانی شاندی هەرێمی کوردستان لەنزیکەوە ئاشنا بوون بە قۆناغە جیاوازەکانی بەرهەمهێنانی زێڕ لە ووڵاتی ئۆزباکستان، کە دیزاین و مۆدێلسازی ، چاکسازی و کۆنترۆڵی کوالێتی لە بەرهەم هێنانی زێڕوو زیو و ئەڵماس بۆ شاندەکە رونکرایەوە هەروەها زانیارییان وەرگرت لەسەر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و ئامێرە پێشکەوتووەکان کە لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا بەکار دەهێندرێن.
ئامانجی ئەم سەردانە بریتی بوو لە ناسین و گۆڕینەوەی ئەزموونی پیشەسازی، هەروەها دۆزینەوەی دەرفەتەکانی هاوکاری و دروستکردنی پەیوەندیی بازرگانی لەنێوان کۆمپانیا و بازرگانانی هەرێمی کوردستان و ئۆزبەکستان. کارگەی FONON بەرهەمەکانی بۆ بازاڕی ناوخۆ و ژمارەیەک وڵاتی جیهان دەنێرێت و بە بەکارهێنانی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و تەکنەلۆژیای هاوچەرخ، شوێنێکی تایبەتی لە بازاڕی زێڕدا بەدەستهێناوە.
شاندی بازرگانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی هەرێمی کوردستان، و نەوزاد غەفوور، جێگری سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکان و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، و محمەد رەسوڵ سەفرەی و سابیر ئەمین و ئەحمەد علی کەلاری و بەهمەن عوسمان و خالید حاجی علی، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی فەرمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەتە جیاوازەکان، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، و کۆمەڵێک لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان، بەشدارن لەم گەشتە بازرگانیەی ووڵاتی ئوزباکستان.