سەرۆکی ژوور: هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە نەگرانی رودەدات‌و نەکەمی خۆراک

ئا: زریان محەمەد

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دڵنیایی دەدات لەبەردەوامی هاوردەکردنی خۆراک‌و زۆریی لە بازاڕو کۆگاکاندا، ئەو دەڵێت “لەماوەی یەک مانگدا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار تۆن خۆراک هاوردە کراوە”.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەلێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” رایگەیاند “هاوردەکردنی خۆراک رۆژانە بەردەوامی هەیە، لەسنورەکانەوە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر دێنە ناو خاکی کوردستان بەتایبەت مەرزی باشماخ‌و پەروێزخان، لەئێستاشدا هیچ گرفتێکی خۆراکیمان نیە، بازاڕەکان‌و مارکێتەکان‌و گەنجینەکانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلیمانی پریەتی لەخۆراک‌و پێداویستی، رۆژانە خۆراک دێت بەپێی پێداویستی ناوخۆیی پاشەکەوت دەکرێت‌و هەر لەسلێمانیشەوە خۆراک دابەش دەکرێت بەسەر شارەکانی ناوەڕاست‌و خواروی عێراق”.

سیروان محەمەد دەستخۆشی لەحکومەتی هەرێم دەکات کە لەدوای جەنگی ئۆکراینا بڕیاری دا کارئاسانی بۆ بازرگانان بکرێت بەمەبەستی هاوردە کردنی کاڵا لەدەروازەکانەوە، ئەو وتی “حکومەتی هەرێم ئاسانکاری کردووە بەدەرکردنی بڕیارێک بەمەبەستی دروستکردنی لیژنەیەک لەسەر ئاستی پارێزگاکان بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەو گرفتێکی بازرگانی بەتایبەت لەهاوردەکردنی بەرهەمە خۆراکیەکان، هەربۆیە ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بە بەردەوامی لەگەڵ بازرگانان لەپەیوەندیدایە بۆ هەر کێشەو گرفتێک کە هەیانبێت هەوڵی تەواوی چارەسەرکردنی کێشە بازرگانیەکان دەدات‌و هەربازرگانێک کێشەی هەبێت لەسنورەکان دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن‌و هەوڵدەدەین بەزوترین کات چارەسەری کێشەکانیان بکرێت”.

وتیشی “بازرگانانی سلێمانی بەردەوام ئاگاداری ئەو بەرهەمە خۆراکیانەن کە لە چ وڵاتێکدا هەیەو چۆن دەستیان دەگات بە بەرهەمە خۆراکیەکان لەتەواوی وڵاتانی جیهانەوە هاوردەی خۆراک‌و پێداویستیەکان دەکەن، بەتەنها لەماوەی یەک مانگی ڕابردودا بڕی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار تۆن خۆراک هاوردە کراوە بۆ ناو شاری سلێمانی کە هەمو جۆرە پێداویستیەکی خۆراک دەگرێتەوەو دڵنیایی دەدەین هیچ کێشەو گرفتێکی خۆراکی نیە”.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ساڵانە لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان بازاڕ جموجۆڵێکی زیاتری تێدەکەوێت‌و خواست لەسەر كەلوپەل‌و شمەك‌و كاڵاكان زیاد دەبێت، بەڵام ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی بەردەوام لەكاتی هاتنی ئەم مانگەدا لەهەوڵی دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕدایە بۆ ئەوەی نرخی شمەك‌و کاڵاكان بەرز نەبێتەوە.

لەبارەی ئەو کێشانەی بۆ کاری بازرگانی دروست دەبێت، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی وتی “ئەو زەیتانەی لەناوەڕاست‌و خواروی عێراقەوە دێنە کوردستان بەتایبەت بۆ شاری سلێمانی کە لەلایەن کۆمانیای ئیتحاد لەناوخۆدا لەعێراق بەرهەم دێت گەورەترین کارگەیە، کاتێک بازرگانان ئەو ڕۆنە هاوردە دەکەن لەبازگەکاندا داوای ئەوراق‌و پشکنین دەکرێت، لەکاتێکدا ئەو بەرهەمە لەناوخۆی عێراق بەرهەم دێت، بۆیە پێویستی بەو پشکنینانە نیە حکومەت راستەوخۆ دەتوانێت لەگەڵ کارگەکە مامەڵە بکات‌و داوای جۆری زەیتەکەو پشکنینەکەی بکات، چونکە هەر ئەو کارگەیە زەیتی بەشە خۆراکی هاوڵاتیان دابین دەکات، بۆیە پێویستە حکومەت کارئاسانی بکات‌و ڕێگری لەهاتنی ئەو زەیتە نەکات، لەبەرئەوەی بەشێک لەبازرگانەکانی سلێمانی لەگەڵ کارگەی ئیتحاد گرێبەستیان هەیەو ڕۆن‌و زەیتیان لێدەکڕن‌و هاوردەی دەکەن بۆ سلێمانی، گەر کارەکانیان لێ قورس بکرێت ئەوا بازرگانان واز لەو کارە دەهێنن‌و ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبونەوەی زەیت لەبازاڕاکانی سلێمانی هەر بۆیە پێویستە کارگرانیی نەخرێتە سەر بازرگانان”.

دەربارەی ئەو پێشنیار و پرۆژانەی وەک ژووری بازرگانی سلێمانی داویانەتە حکومەت‌و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی کاری پیشەسازی‌و بازرگانی لەناوخۆدا باشتر بکرێت، سیروان محەمەد وتی “وەک یەکێتی ژوورە بازرگانیەکان لەساڵی ٢٠١٢ لەئەنجومەنی وەزیران خۆم داوام کرد کەوا گەشەپێدانی پیشەسازی دەبێت بەرەو پێشەوە بڕوات هەربۆیە بڕیارێکیان دەرکرد کە لیژنەیەک لەپارێزگاکان دروستبکرێت‌و پارێزگار سەرۆکایەتی لیژنەکان بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پیشەسازی، بەڵام بەداخەوە زیاتر لە شەش ساڵە لەپارێزگای سلێمانی ئەم کۆبونەوەیە نەکراوە، بۆ چارەسەر کردنی کێشەی پیشەسازی چەند جارێک بەنوسراو پارێزگارمان لێ ئاگادار کردۆتەوە گەر ئەو لیژنەیە بەردەوام بێت کۆمەڵێک کێشەو گرفت چارەسەر دەکات، لەکاتێکدا لەهەولێرو دهۆک ئەو لیژنانە کاران‌و کێشەکانی پیشەسازان چارەسەر دەکەن، هیوادارم لەشاری سلێمانی ئەو لیژنەیە دەست بەکۆبونەوەکانی بکات کە گەورەترین چارەسەر کردنە بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی”.