لەم سەردەمی تەکنەلۆجیا و پێشكەوتنەدا وزەی پاك یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی بە هێزكردنی ئابوری جیهان و وڵاتانی گەشەسەندو.

لەم سەردەمی تەکنەلۆجیا و پێشكەوتنەدا وزەی پاك یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی بە هێزكردنی ئابوری جیهان و وڵاتانی گەشەسەندو.
هەڵکەوت علی
ئەندازیاری كشتوكاڵی و ئەندامی IFAJ
ئەگەر پێناسێکی خێرای وزەی پاك بکەین ئەتوانین کۆی بکەینەوە لە چەندین سەرچاوەی جیاوازدا وەك تیشکی خۆر و هێزی با و ئاو(هایدرۆ)و بایۆماس و بایۆگاز هەندێ سەرچاوەی تر کە ئێستا بۆتە جێگرەوەی وزەی هەڵکۆڵراوەکانی وەك نەوت و گاز و خەڵوزی بەردین.
دەرکەوتنی وزەی پاك بوە هۆی شۆڕشێکی نوێ لە بواری ئابوریدا بەتایبەتی لەگەڵ بەرزبونەوەی تێچوی بەرهەمهێنانی وزە باوەکانی تر و گەرم بونی گۆی زەوی، وڵاتان خاوەن ئابوری بەهێز قۆناغ بە قۆناغ هەوڵ دەدەن ڕو لە وزەی پاك بکەن بە گشت جۆرەکان و ئێستا چۆتە ئاستێکی زۆر بەرز لە بەرهەمهێنان ، كە لە هەندێك وڵاتانی ئەسکەندنافی گەیشتۆتە ئاستی 50% لە بەرهەم هێنانی وزەی گشتی و بەو ئاڕاستەیە ئەڕوات تا ساڵی 2050 نزیك بێتەوە لە 100%
پاڵنەرە سەرەکیەکانی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە وزەی پاك بە چەند هۆکارێكەوە دەبەسرێتەوە:
 1- هۆكاری ژینگەیی کە خۆی لە پاراستنی ژینگەدا دەبینێتەوە و بە هۆی کەم كردنەوەی گازە زیان بەخشەکان کە لە وزە باوەکانی ترەوە پەیدا دەبێت و سەرچاوە پیسبونی کاربۆنیە Co2 ،کە هەمو هەوڵی بۆنە و کۆنفرانسە ژینگەییەكان جەخت لە کەم كردنەوەی گازە هاوپێچەکانی سوتەمەنیەکان دەكەنەوە و داواکارن پەناببرێتەبەر وزەی پاك یا بە وزەی سەوز ناوی دەبرێت.
2- وزە پاك تایبەتمەندی بەردەوامی هەیە (Sustainability ) کە وادەکات ئابوری وڵاتان بتوانن وەك سەرچاوەیەکی درێژ خایەن پشتی پێ ببەستن لە بەرهەمهێنانی كارەبای پێویست، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی تەکنەلۆجیای نوێ بۆ ئەم بوارە و ئەگەری نەمانی سەرچاوەکانی تری وزە و كۆتایی هاتنی، بەتایبەتی نەوت كە زۆربەی توێژینەوەكان ئاماژە دەکەن كە تا 100 ساڵی داهاتو دەرهێنانی نەوت و گاز و بیرەكانیان بەرەو کەم بونەوە و وشك بون ئەڕوات.
3- پاڵپشتی دارای و پارەدارکردنی لەلایەن وڵاتان و ڕێكخراوەکان و دامەزراوەکان ،بە شێوەی قەرز یا بەخشین بۆ ئەم بوارە كە ئێستا زۆرینەی ناوەندە دارایی و بانکەکان پاڵپشتی وزە پاك دەکەن، بەمەش وا دەکات ئاسانکاری بکرێت بۆ بە دەستهێنانی ئەم جۆرە وزەیە ، تەنانەت لە هەندێك وڵات و كۆمپانیا ئامادەن بە نرخی پاڵپشتی كراو زیادەی بەرهەمی وزەی پاك بكڕنەوە.
4- زیاد بونی خواست لە سەر وزە لە هەمو کایەکانی ژیاندا وای كرد وزەی پاك ببێتە جێگرەوەی ئەو کورتهێنانەی هەیە لە سەرچاوەکانی تری وزەدا ، چ لە ئاستی كەسی بۆ مرۆڤەکان و پێداویستی ڕۆژانەیان ، یا لە ئاستی گشتی بۆ پیشەسازی و دامەزراوەکان، هەروەها نرخ و تێچوی وزەی پاك زۆر کەمترە بە بەراورد بە وزە باوەکانی تر کە تێچوی دەرهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتن و چەندین تێچوی تری هەیە و كاریگەری دەبێت لە سەر داهاتی ساڵانەی وڵاتان Notional Income و دامەزراوەكان .
5- دروست بونی قەیران و جەنگ و كارەساتە سروشتیەکان لە ئاستی وڵاتان یا لە ئاستی نێودەوڵەتی ،كە زۆرجار وا دەكات نرخی نەوت و گاز جێگیر نەبێت یا گرفت بکەوێتە گواستەنەوەی بەشێوەیەکی بەردەوام ، بە پێچەوانەوە وزەی پاك بەردەستە لە هەمو كات و شوێنێك بە تایبەتی وزەی خۆر و وزەی با کە لە هەمو شوێنێكی گۆی زەوی ئەتوانرێت بەرهەم بهێنرێت.
6- پشت بەستن بە وزەی پاك یا وزەی نوێبۆوە وای كردوە کە هەزاران هەلی كار بڕەخسێنێ و ببێتە كاردۆزێکی باش لە ئەمڕۆ و داهاتوی بازاری كاردا، چونکە جگە لەوە کە وڵاتان و دامەزراوەکان بە ملیارەها دۆلار پشتگیری دەکەن لە هەمان کاتدا پشتگیری تەكنەلۆجیا و پشەسازیی و پێداویستیەکانی وزە پاك دەكەن لە ڕێگەی زانکۆ و ناوەندەكانی توێژینەوە و فێركارییەکانی تر.
جگە لەو هۆکارانە چەندین هۆکاری تر هەیە كە وادەكات سێکتەری ئابوری پشت بە وزەی نوێبوە ببەستێ و لە ئایندەدا ئەنجامەكانی بەرجستە دەبێت.