کاری بازرگانی لەگەڵ ووڵاتی ئۆکراینا بەتەواوی وەستاوە

وڵاتی ئۆکراینا پەیوەندیەکی زۆری بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە کارە بازرگانیەکان لەئێستادا بە تەواوی ڕاگیراوە.

پێشەوا سیروان، بازرگان لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند” کاری بازرگانیمان لەگەڵ وڵاتی ئۆکراینا بەتەواوی ڕاوەستاوە بەهۆی ڕاگەیاندنی باری نائاسای لەو وڵاتە بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ وە راوەستانی کاری تەواوی کارگەکان و بەرهەم هێنەرەکانی ئەو وڵاتە ئەمەش زیانی گەورە بەکاری بازرگانی ئێمە دەگەیەنێت”.

راشیگەیاند “بەرهەمی ئۆکراینا کە هەناردەی ئێرە دەکرا زۆر جۆر لەخۆ دەگرێت وەک (خواردن، شەربەت، شیرەمەنی، ئەندۆمی، پاکەرەوە، خەڵوز، زۆر بەرهەمی دیکە) بەڵام ئێستا هەمو ئەم بەرهەمانە هاوردە ناکرێت وە ڕێگاکان بە تەواوی داخراون ئەمەش دەبێتە زەرەرو زیانێکی زۆرە بۆ کاری بازرگانیمان”.

ئەو بازرگانە ئاماژەی بەوەشدا “دروستبونی کاری بازرگانی لەگەڵ ووڵاتی ئۆکراینا ئاسان نەبووە چونکە هەر کارێکی بازرگانی کۆمەڵێک خەرجی هەیە لەئێستادا هەموو ئەو کارانەی کراوە هەر لە کڕینی ئۆتۆمبێل و پێداویستیەکان دەبێتە زیان بۆ بازرگانان چونکە هیچ زەمان و قەرەبوکردنەوەیەکی بازرگانان لەلایەن حکومەتەوە نیە”.

پێشەوا سیروان، جەخت لەوە دەکایەوە لەئێستادا بازرگانان لە هەوڵی ئەوەدان بەدیلی بەرهەمە ئۆکرایناکان بدۆزنە بەتایبەت لەووڵاتانی دراوسێ وەک ئێران و تورکیا بۆ ئەوەی بتوانن ئەو زەرەرەی کردویانە لەوە زیاترنەبێت و کاری خۆیان بەردەوام بکەن.

ووڵاتی ئۆکراینا پەیوەندی بازرگانی زۆری هەبووە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا لەئێستادا بەهۆی جەنگ لەو ووڵاتە کارەبازرگانیەکان بەتەواوی وەستاوە.