حکوومەت لەبارەی قەرزێکی لای هاووڵاتییان بڕیارێکی دەرکرد

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی دیکەی لەبارەی قەرزی لای هاووڵاتییان دەرکرد.

لە ڕاگەیەنراوێکدا فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، بە مەبەستی ئاسانکاری لە دانەوەی قەرزەكانیان، خاوەن مۆڵەتەکانی هۆتێل، مۆتێل، ڕێستۆرانت، کافێ و سەرجەم بنکە و شوێنە گەشتیارییەکان، دەتوانن قەرزە کەڵەکەبووەکانیان، لە هەر سێ سێكتەری شارەوانی، ئاو و گەشتوگوزار بە شێوەی قیست، یاخود داشکاندن لە ماوەی 19 ڕۆژدا بگەڕێننەوە.

ئەو هاووڵاتییانەی کە بە یەكجار قەرزەكانیان بدەنەوە، لە داشکاندن بە ڕێژەی 15% سوودمەند دەبن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ئەوەی خستووەتە ڕوو کە “دوای دەستنیشانکردنی ھەر قیستێک، هاووڵاتییان پابەند دەبن مانگانە بە دانەوەی قیستەكانیان و دەتوانن بە ماوەی 12 مانگ بیگەڕێننەوە”.

جەخت لەوەش کراوەتەوە، ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت قەرزە كەڵەکەبووەکانیان بە یەكجار و بەبێ قیست بدەنەوە، سوودمەند دەبن لە داشكاندن بە ڕێژەی 15%، بەڵام ئەو هاووڵاتییانەی كە بە شێوەی قیست قەرزەكانیان دەدەنەوە، داشكاندنی ڕێژەی 15% نایانگرێتەوە.

پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان لە کۆبونەوەیەکدا بۆ هاوکاریی هاووڵاتییان بڕیاری دابوو لێخۆشبوون له چەند قەرز و پێشینەی لای هاووڵاتییان بکات.