ژووری بازرگانی پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆی دەکات

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دڵنیای دەدات بەجوتیاران بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆی و پشتیوانیکردنیان لە ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکانی عێراق و کوردستان.

نەوزاد غەفوور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕێکەوتی ٢٠٢٤/٢/٥ پێشوازیکرد لە نوێنەرانی جوتیارانی پێنجوێن.

نوێنەرانی جوتیاران داوایانکرد: سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پشتیوانیان بکات لە بەرهەمی ناوخۆی و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان لە وەرزی پێگەشتندا تا جوتیاران توشی زیان نەبن هەوڵبدەن بۆ کردنەوەی ڕێگای شارەکانی خواروی عێراق و ناساندنی بەرهەمەکانیان بە ڕووی جیهاندا.

لای خۆشیەوە نەوزاد غەفوور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەکۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند: هەموو هەوڵێکمان بۆ پشتیوانیکردنی بەرهەمی ناوخۆییە کاردەکەین بۆ ساغکردنەوەو بەبازاڕکردنی بەرهەمی جوتیاران لە وەرزی پێگەشتنی بەرهەمەکانیان.

ڕاشیگەیاند: بەپێی یاساکان و ڕێنمایەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ کاردەکەین بۆ پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆی بەتایبەت ئەو بەروبومانەی لە پێنجوین بەرهەم دەهێندرین تا جوتیاران بتوانن ساغی بکەنەوەو لەبازاڕەکانی عێراقدا بگات بەدەستی هاوڵاتیان.