ئەنجومەنی بازرگانی بەریتانی IBBC لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ژوور کۆبونەوە

بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکان لەگەڵ ووڵاتی بەریتانیا بەڕێوەبەری گشتی ئەنجومەنی بازرگانی بەریتانی سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیکرد.

نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و جێگران و ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، ڕێکەوتی ۲٠۲٤/۲/٥ پێشوازیانکرد لە بەڕێز ميشيل كريستوف بەڕێوەبەری گشتی IBBC و شاندی یاوەری.

لەکۆبونەوەکەدا بەڕێوەبەری گشتی ئەنجومەنی بازرگانی بەریتانی ڕایگەیاند: پیرۆزبای دەستبەکاربون لە سەرۆکی نوێ و ئەندامنی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەکەین هیوادارین بتوانین پێکەوە کاری هاوبەش بکەین بۆ بازرگانان، وە IBBC  کاری کردووە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سەرەکییەکان وە کارەکەی بۆ پەرەپێدانی کەرتی بازرگانی تایبەتە، هەربۆیە دەمانەوێت بەتایبەتی کار لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بکەین بۆ بەهێزکردنی کەرتی بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ ووڵاتی بەریتانیا.

نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە کۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند: ژووری بازرگانی سلێمانی کاردەکات بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکان لەگەڵ تەواوی ژوورە بازرگانیەکانی جیهان ووڵاتی بەریتانیاش یەکێکە لەو ووڵاتانەی توانیومانە کاریان لەگەڵ بکەیەن و کۆمەڵێک بازرگان لەشاری سلێمانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەو ووڵاتە کاردەکەن و ئاڵوگۆڕی بازرگانیان هەیە.

راشیگەیاند: بەشێکی ترلەبازرگانان و پیشەسازان خواستیان هەیە بۆ بەشداریکردن لە پێشانگاو بۆنە بازرگانیەکان لە ووڵاتی بەریتانیا بۆ ئاشنابون بە بەرهەم و کاڵاکانایان ئەمەش لە ڕێگەی ئەنجومەنی بازرگانی بەریتانی IBBC هیوادارین ڕێکبخرێت و کاری هاوبەش ئەنجام بدەین.

لەکۆتای کۆبونەوەکەدا هەردولا هاوڕابون لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندیەکان و پێشخستنی کەرتی بازرگانی لە شاری سلێمانی.