سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان ئەڵمانیا و سلێمانی هەڵوەشێندراوەتەوە

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەوەی توركیا ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی سلێمانیدا داخستووە ، گەشتە ئاسمانییەكان لە نێوان ئەڵمانیا و سلێمانی راگیران.

هەندرێن هیوا بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، گەشتە ئاسمانییەكان لە نێوان ئەڵمانیا و سلێمانی راگیران، بۆیە گەشتی ئاسمانی سبەینێ لە نێوان سلێمانی و دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا هەڵوەشێندراوەتەوە.

ڕاشیگەیاندووە، كۆمپانیای كۆندۆری ئەڵمانی ناتوانێت بەسەر ئاسمانی توركیادا گەشت بكات، بۆ سلێمانی، بەهۆی ئەوەی توركیا ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی سلێمانیدا داخستووە.