ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی خەڵات دەکرێت

ئا: بازرگانی‌و پیشەسازی

یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق لەشاری سلێمانی کۆدەبێتەوەو خەڵاتی رێزلێنان بەژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی دەبەخشرێت کە چالاکترین  ژووری بازرگانییە لەسەر ئاستی عێراق، سەرۆکی ژوور دەڵێت “ئەم خەڵات‌و رێزلێنانە زۆر جێگەی دڵخۆشییەو ھاندانێکە بۆ ئەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زیاتر بەکەرتی تایبەت بدات”.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بەکۆبونەوەکە، بەرۆژنامەی “بازرگانی‌و پیشەسازی” راگەیاند “بریار دراوە کۆبونەوەی ئەمجارەی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق لەشاری سلێمانی ساز بکرێت لە بەرواری ٢٠٢٢⁄٦⁄١٥دا، لە ئێستادا ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئامادەکاری دەکات بۆ بەڕێوەچونی کۆنگرەکەو میوانداری کردنی شاندی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق‌و ھەرێمی کوردستان، کە بۆنەیەکی گرنگەو جێی بایەخپێدانی هەموو ناوەندە ئابورییەکان‌و میدیاکانی کوردستان‌و عێراقیشە”.

سەبارەت بەرێزلێنان‌و دیاریکردنی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلیمانیش وەک چالاکترین ژووری بازرگانی لەئاستی عێراقدا، سیروان محەمەد وتی “بڕیارە خەڵاتی ڕێزلێنان ببخەشرێت بەژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی بەو پێیەی چالاکترین ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی بووە لەسەر ئاستی عێراق لەساڵی ٢٠٢١دا، کە ئەمەش  بۆ یەکەمینجارە لەمێژووی ژوورە بازرگانی‌و پیشەسازییەکانی عێراقدا، خەڵاتی ڕێزلێنان ببخەشرێت بەژوورێکی بازرگانی‌و پیشەسازی‌و وەک چالاکترین ژوور لەسەر ئاستی عێراق ھەڵبژێردرێت‌و دیاریبکرێت”.

وتیشی “ئەمەش زۆر جێگەی شانازی‌و خۆشحاڵییە بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێری ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی کە ئێمە بە بەردەوامی کارمان کردوە بۆ بازرگانان‌و پیشەسازان‌و ئەندامانی ژوور، ئەوەی لە دەسەڵاتی ئێمەدا بێت کردومانەو درێغیمان نەکردووە، ھەمیشە کێشەو گرفتی بازرگانانمان گەیاندوە بەلایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و ھەوڵمانداوە ڕەوشی ئابوری شاری سلێمانی بەرەو پێش بەرین‌و گەشەی ئابوری بەردەوام لەهەموو سیکتەرەکانی پیشەسازی‌و کشتوکاڵی‌و بازرگانیدا دەستەبەر بکەین”.

دەربارەی دیاریکردنی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلیمانی بەچالاکترین ژوور لەسەر ئاستی عێراق‌و خەڵات کردنی، سیروان محەمەد وتی “ھۆکاری بەخشینی خەڵاتی ڕێزلێنان بەژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئەوەیە کە ئێمە بە بەردەوامی لەکۆبونەوە نێودەوڵەتییەکان ئامادە بووین‌و توانیومانە گەورەترین پشک ڕابکێشین لەسەر ئاستی عێراق لەوەرگرتنی وەکالەتی بازرگانی‌و  تۆمارکردنی ھێمای بازرگانی‌و خزمەتکردن بەبازرگانان‌و پیشەسازان‌و دروستکردنی پێشانگایەکی نێودەوڵەتی کە ساڵانە چەندین پێشانگای جۆراوجۆری تێدا دەکرێتەوە، لەھەمانکاتدا دروستکردنی گەنجینەکانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی کە خزمەتێکی گەورە بوو بۆ شاری سلێمانی‌و هەرێمی کوردستان‌و بگرە بۆ هەموو عێراق‌و بازرگانەکان، ئێمە لەسەر ئاستی عێراقیش یەکەم ژوور بووین کە توانیمان بەسیستەمی ئەلکترۆنی یەک پەنجەرەیی کار بکەین، ئەمانە دیارترین ھۆکارەکان بوون کە وایکردوە وەک چالاکترین ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی لەسەر ئاستی عێراق دیاری بکرێین”.

وتیشی “ئێمە لەئێستادا ئامادەکاری دەکەین بۆ میوانداری کردنی سەرجەم سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی پارێزگاکانی عێراق‌و ھەرێمی کوردستان کە بەشدار دەبن لە کۆبونەوەکەدا، هەروەها بانگهێشتی سەرجەم بەرپرسانی شاری سلێمانی دەکەین بۆ ئەو کۆبونەوەیەو ئامادەبوون لەو رێزلێنانەی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی وەریدەگرێت”.

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، رێکخراوێکی سەربەخۆی کەرتی تایبەتەو لەساڵی ١٩٦٧ لەسەر دەستی کۆمەڵێک بازرگانی دڵسۆزو بەئەمەکی شاری سلێمانی دامەزراوەو لەسەرەتای دامەزراندییەوە تا ئەمڕۆ ١١ خولی هەڵبژاردنی ئەنجامداوە. لەئێستادا ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی یەکێکە لەژوورە پێشکەوتوەکان لەڕایکردنی کاری بازرگانان‌و پیشەسازان بەخێراترین کات‌و بەپێشکەوتوترین سیستمی ئەلکترۆنی. سەرۆکی ژوورو ئەندامانی کارگێڕی ژوور بەردەوام توانیویانە هاوکار بن بۆ یارمەتیدانی بازرگانان‌و کارئاسانیکردن بۆیان.

سەرۆکی بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات کە سازدانی کۆبوەنەوەی یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق لەشاری سلێمانی جێگەی دڵخۆشییەو ھاندانێکە بۆ ئەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زیاتر بەکەرتی تایبەت بدات‌و داواکارییەکانی کەرتی تایبەت جێبەجێ بکات‌و زیاتر پشتگیری بازرگانان‌و پیشەسازان بێت، سیروان محەمەد وتی “هەر پشتگیرییەکی کەرتی تایبەت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، هاندەرمان دەبێت بۆ ئەوەی تاوەکو ئێمە بتوانین گەشەی ئابوری بدەین بەھەرێمی کوردستان‌و ھەلی  کاری زیاتر بۆ گەنجەنکانمان بڕەخسێنین”.

وتیشی “دەمانەوێت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ھەرێم کۆبینەوەو پلان‌و پێشنیازو بەرنامەی خۆمان بەمەبەستی گەشەپێانی ئابوری کوردستان پێشکەش بکەین، داواکارین حکومەتی ھەرێم گرنگی بەپرۆژەی بچوک‌و مامناوەند بدات کە خواستێکی زۆر ھەیە بۆ ئەنجاندانی، بەڵام بەداخەوە تاکو ئێستا زەمینەی لەبار نەڕەخساوە بۆ دروستکردنی ناوچە پیشەسازییەکان، لەڕوی بازرگانیشەوە داواکارین ئاسانکاری زیاتر بۆ بازرگانان بکرێت‌و کێشەو گرفتەکان چارەسەر بکرێن”.