ئەمساڵ 48 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی کوردستان کراون

لە پێنج مانگی ئەمساڵدا 48 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون و ئامارەکان دەری دەخەن هاوردەی ئۆتۆمبێل رووی لە زیادبوونە.

 فەتحی محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان  راگەیاند، پێدانی مۆڵەتی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل زۆربووە، ساڵانە سەرووی 100 مۆڵەت دەدرێت بە بازرگانانی ئەو بوارە و بەشی زۆری ئەوەشی هاوردە دەکرێت ئۆتۆمبێلە کە بەپێی مەرج و رێنمایەکانی وەزارەتی ناوخۆ هاوردە کراون.ئەو هەروەها گوتی، ساڵی رابردوو توانراوە 109 مۆڵەتی هاوردەی ئۆتۆمبێل و پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل بدرێت، لەو مۆڵەتانەی کە دراون، زیاتر لە 110 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی کوردستان کرا، کە بەهاکەیان 400 ملیۆن دۆلار بووە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵیشدا 52 مۆڵەتی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دراوە، کۆی گشتی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە مەرزەکانی هەرێمی کوردستان و سنوورەکانی هەرێم لەگەڵ عێراق هاوردە کراوە 48 هەزار ئۆتۆمبێل بوون

بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی بازرگانی، هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لە دەرەوە بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە، لە کاتێکدا ساڵی 2020 کەمتر لە 90 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێم کراوە.