ژنان بەکاری دەستی تواناکانی خۆیان دەردەخەن

ژنان بەکاری دەستی تواناکانی خۆیان دەردەخەن

ئا:زریان محەمەد

ژنان و ئافرەتان ڕۆڵیان هەیە لە بەدەستهێنانی داهات بۆ خێزانەکانیان، ئەوەش بەڕێگەی کاری دەستی و گرنگیدان بە دروستکدنی پێداویستیەکانی جوانکاری و ئامادەکردنی خواردن و چەند بوارێکی دیکەی تایبەت بەکاری دەستی.

ژنان ئەو بەرهەمانەی دروستی دەکەن لەماڵەکانیاندا لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە یاخود لە پێشانگاکاندا نمایشی دەکەن و دەیفرۆشن، ئەمەش تەنها لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندایە تائێستا هیچ هەوڵێک نەدراوە بۆ زیاتر فراوانکردنی کاری دەستی ژنان و ناساندنی بەووڵاتانی دیکە.

 دەرچوی ئامادەی بازرگانیە ماوەی دەساڵە کاری دەستی دەکات

ڕوخۆش سەلام، لەکاتی فرۆشتنی کارە دەستیەکانیدا وتی” لەدوای تەواوکردنی خوێندن لە ئامادەی بازرگانی هەوڵمدا بۆ کارێک یان دامەزراندن لەکەرتی گشتی بەڵام هیچم دەست نەکەوت وە نەشم توانی بەردەوام چاوم لەدەستی کەسوکارمبێت ٥٠ هەزاری مانگانەم بەنێ ئەمە وایکرد کاری دەستی تایبەت بەخۆم بکەم، متومور و دەزو دەرزیمکری و دەستمکرد بەدروستکردنی چەندین جۆر ملوانکەو ئێکسسوارات بۆ خانمان بەمەش توانیم داهاتێک بۆ خۆم پەیدابکەم”.

روخۆش بەنیگەرانیەوە باس لەو پێشانگایانە دەکات کە بۆ کاری دەستی دەکرێنەوە دەڵێت” ئەوەندە کرێت لێوەردەگیرێت کاتێک بەشداری لە فستیڤاڵێک یان پێشانگایەکدا دەکەیت لەبری قازانجکردن زەرەر دەکەین ناشتوانین نرخی کارە دەستیەکانمان گرانبکەین چونکە خەڵک پارەی پێنیە”.

روخۆش سەلام لەکاتی فرۆشتنی بەرهەمەکانی کڵاوێکی خانمانی بەدەستەوەگرت کە دروستی کردووە لەگەڵ جلوبەرگی کوردی خانمان لەسەری دەکەن دەڵێت ساڵی پار ئەم کڵاوەم بە ۳٠ هەزار دینار فرۆشتووە بەڵام لەمساڵدا بە ۱٥ هەزار دینار دەیفرۆشم ئەمەش بەهۆکاری نەبونی بازاڕ و کەمی موشتەری بەهۆی پێنەدانی موچە بە فەرمانبەران بازڕی ئێمە خاوبۆتەوە.

خانمان نوێگەری و داهێنان دەکەن لە کاری دەستیان بەسود وەرگرت لە فراوانبونی ئینتەرنێت و بڵاو کردنەوەی چۆنێتی دروستکردنی کاری دەستی.

سروە عوسمان، بەرهەمە دروستکراوەکانی لەسەر مێزێک نمایشکردووە دەڵێت” کاری دەستی بەراوردبە دە ساڵی ڕابردوو گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە ئەوکات زۆربەی کارەکان تەنها ئێکسسواراتبوو کە خانمان دروستیان دەکرد بەڵام ئێستا گۆڕانکاری زۆر ڕویداوە زۆربەی خانمان نوێگەری و داهێنانی زۆریانردووە لە کاری دەستی و بەرهەمی نوێیان”.

دەشڵێت” لەئێستادا بەسەدان خانم کاری دەستی دەکەن و ڕۆژانەش خانمی زیاتر دەست بەو کارە دەکەن بەهۆیەوە توانیویانە بژێوی ژیانیان لەو ڕێگەیەوە دابین بکەن”.

هەندێک لە ڕێکخراوەکان پشتیوانی لە ژنانی خاوەن کاردەکەن پێشانگای ساڵانەیان بۆ دەکەنەوە تا بەرهەمەکانیان بفرۆشرێت و ئاشنابکرێن بە هاوڵاتیان.

سەمیرە صالح، سەرۆکی ڕێکخراوی گەشە پێدانی کلتوری دەڵێت” ماوەی سێ ساڵە لەگەڵ ژنانی خاوەن پیشە کار دەکەین و پێشانگایان بۆ دەکەینەوە هۆکاری زیادبونی ژنانی خاوەن پیشەی تایبەت بەخۆیان بۆئەوە دەگەڕێتەوە ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین دەرفەتی دامەزراندن هەلیکار زۆر لاوازە وەدواکەوتنی موچەو هۆکارێکی دیکەیە بۆ کارکردنی ژنان چونکە خێزانەکان مانگانە چاوەرێی موچە دەکەن، موچەش بەردەوام دوادەکەوێت پێداویستی خێزانەکان بۆ دابینردنی کرێی خان و خۆراک بەردەوامە هەربۆیە ژنانی ماڵ دەستیانکردووە بە کارکردن لە ماڵەکانی خۆیاندا بۆ دەستکەوتنی داهات”.

دەشڵێت” ڕێکخراوەکەمان پشتیوانی ژنانی خاوەن پیشەدەکات ساڵانە پێشانگای تایبەت بەکارەکانیان بۆ دەکەینەوە بەبێ بەرامبەر تا بتوانن بەرهەمەکانیان نمایشبکەن و ساغی بکەنەوە لەئێستاشدا زیاتر لە ۲۳٠ ژنی خاوەنپیشە لە ڕێکخراوەکەمان تۆمارن لەبوارەکانی کاری دەستی جوانکاری خانمان و سابون و مۆم و جلوبەرگ و چەندین بواری دیکە”.

لەئێستادا ژنانی خاوەنکار ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان لەسەر شانی خۆیانەو تاکەڕێگەش بۆ ناساندن و پیشاندانی بەرهەمەکانیان بەشداریکردنی پێشانگا و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانە.