پشکی عێراق لە بەرهەمهێنانی نەوت بۆ مانگی داهاتوو زیاترە لە 4.3 ملیۆن بەرمیلی ‏ڕۆژانە

ڕێکخراوی ئۆپیک ڕایگەیاند، پشکی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بۆ مانگی شوباتی ‏داهاتوو 4.325 ملیۆن بەرمیل دەبێت لە ڕۆژێکدا، ئەمەش دوای کۆبوونەوەی دوێنێی ‏ئۆپیک پڵەس و بڕیاری زیادکردنی 400 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ كۆی بەرهەمی ‏وڵاتانی بەرهەمهێنەر.‏

بەپێی ئەو خشتەیەی ڕێکخراوی ئۆپیک بڵاویکردووەتەوە تایبەت بە پشکی وڵاتانی ‏ئەندامی ڕێکخراوەکە لە بەرهەمهێنانی نەوت بۆ مانگی شوبات، ڕایگەیاندووە، پشکی ‏بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بۆ مانگی داهاتوو دەگاتە 4.325 بەرمیل، بەزیادکردنی بڕی ‏‏44 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەراورد بە مانگی کانوونی دووەم، کە پشکی ڕۆژانەكەی ‏‏4.281 ملیۆن بەرمیلە.‏

بەپێی خشتەکە، هەریەکە لە ڕوسیا و سعودیە لە مانگی شوباتدا بەرهەمهێنانیان دەگاتە ‏‏10.227 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەزیادکردنی بڕی 105 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ‏هەریەکەیان لە ڕۆژێکدا بەراورد بە مانگی کانوونی دووەم.‏

وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و ڕێكخراوى ئۆپیک پڵەس بڕیاریاندا لە مانگی داهاتووەوە ‏ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکەن بۆ كۆی بەرهەمی وڵاتانی ‏بەرهەمهێنەر.‏

بڕیارە لە ڕۆژی دووی شوباتدا جارێکی دیکە ئۆپیك پڵەس كۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ‏ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانییەکە.‏