هەرێم دەبێت بە جێگرەوەی ئێران بۆ گواستنەوەی کاڵا لە تورکیاوە بۆ ئیمارات

دوای دروستکردنی ڕێگای ئاسنین لە بەسڕە، کۆمەڵێک هاوکێشەی ئابوری لە ناوچەکەدا ڕەنگە پێچەوانەببنەوە، لەوانە عێراق دەیەوێت ببێتە جێگرەوەی ئێران بۆ ترانزێتی کاڵا لە تورکیاوە بۆ ئیمارات و پرۆسەكەش بە خاكی باشووری كوردستاندا تێپەڕدەبێت.

ڕێککەوتنی سەرەتایی لەنێوان ئیمارات و تورکیادا کراوە، بۆ گواستنەوەی کاڵا لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا لەڕێگای خاکی عێراقەوە، لەسەر ئەو پرسەش هەردوو وڵات پڕۆژەیان ئامادەکردووە.

دوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان ئیمارات و تورکیا بەدوای ڕێگای ئاسانتردا دەگەڕێن بۆ گەیشتنی کاڵاکانیان بە یەکتر، بۆیە بەکارهێنانی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان یەکێکە لە بژاردەکانیان.

ئێستا گواستنەوەی کاڵا لەنێوان تورکیا و ئیمارات لە ڕێگای کەناڵی سوێس لە میسڕەوە دەچێتە گەرووی باب ئەلمەندب لە دەریای سوور و لەوێوە بە سنووری ئێراندا دەگەڕێتەوە ئیمارات، ئەوەش نزیکەی مانگێک دەخایەنێت، کە بۆ دوو وڵاتی نزیکی یەکتر ڕێگایەکی دوورە.

ئەگەر خاکی هەرێمی كوردستان بەکاربهێنرێت و لێرەوە تا بەسڕە كاڵا و شمەك بگواسترێنەوە و دواتر لە ڕێگای ئاوییەوە ببرێن بۆ ئیمارات، ئەوا پرۆسەی گواستنەوەكە لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەشت بۆ 10 ڕۆژی پێدەچێت و ئەو کاتە کەمەیە کە لەڕووی ئابورییەوە باشترینە.

لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێدا، سەرچاوە هەواڵییەکان لە زاری مەولود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیاوە ئاشکرایانکردووە، ئیمارات پێشنیازی بۆ تورکیا کردووە خاکی عێراق بۆ گواستنەوەی کاڵا بەکاربهێنێت.

لەگەڵ دەستپێکردنی ئەو پڕۆژەیەدا هەرێمی کوردستانیش دەکەوێتە ناو هاوکێشە ئابورییەکەوە.